شادیە حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئەمساڵ لە وەرزی بارانبارین بارانێکی زۆر باریوە. وەرزی بارینی رابردوو لە کەلار 75.9 ملیمەتر، کفری 100.3 ملیمەتر، خانەقین 79.3 ملیمەتر، باوەنوور 140 ملیمەتر و مەیدان 186.4 ملیمەتر باران باری، بەڵام لەم وەرزەدا لە کەلار 164 ملیمەتر، لە کفری 187 ملیمەتر، لە خانەقین 154.4 ملیمەتر، لە مەیدان 263 ملیمەتر و لە باوەنوور 220 ملیمەتر باران باریوە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان، سنووری گەرمیان بە گشتی مەترسیی وشکەساڵیی تێپەراندووە و دەڵێت، "لەڕووی ئاوی ژێر زەوی و لەوەڕگاوە هیچ مەترسییەکمان نەماوە، بەڵام بۆ دانەوێڵە تاوەکو مانگی نیسان بە شێوەیەکی هاوسەنگ پێویستمان بە بارانە."
شادیە حوسێن گوتیشی، "بۆئەوەی بە گشتی مەترسیی وشکەساڵی تێپەڕێنین، پێویستمان بە سەرووی 250 ملیمەتر بارانبارینە. ئێستا لە هەندێک ناوچەی وەکو مەیدان و باوەنوور بارانبارین ئەو بڕەی تێپەڕاندووە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە بەرهەمی دانەوێڵەمان، پێدەگات ئەگەر باران نەبێت."
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان، ئەگەر تاوەکو مانگی نیسان بارانبارینی هاوسەنگ نەبێت، ئەوە کاریگەریی لەسەر بەرهەم و کوالێتیی بەروبوومی دانەوێڵە دەبێت.
رۆژی 13-04-2022 جەلال نووری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، بەهۆی کەمیی بارانبارین بۆ دووەم ساڵ لەسەریەک وشکەساڵیی لە گەرمیان راگەیاند و داوای لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد بەهانایانەوە بچن و بودجەیەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی تەرخانبکرێت.
وەڵام بدەوه