وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، مانگی ئاداری ئەمساڵ پرۆسەى پێشکێشکردن بۆ خوێندنى ماستەر، دکتۆرا و دبلۆمى باڵا لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.
وەزارەتی خوێندنی باڵا لە راگەیێندراوەکەیدا دەشڵێت، دواى تەواوبونى ئامادەکارییەکان لە داهاتوییەکى نزیکدا قۆناغ بەندى پرۆسەى خوێندنى باڵا لە روەکانى پلان و ژمارەى کورسییەکان و ماوەى پێشکەشکردن و کاتەکانى ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى و راگەیاندنى ئەنجامەکان و دەستپێکردنى پرۆسەى خوێندن رادەگەیێندرێت.
دەقی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا:
ئەمڕۆ سێشەمە ڕێکەوتى (2023/2/14) بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى فەرمانگەکانى وەزارەت، کۆبونەوەیەکى تایبەت بۆ هەڵسەنگاندنى پلانى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا و دبلۆمى باڵا بەڕێوەچو و بڕیاردرا لە مانگى سێى ئەمساڵ پرۆسەى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى باڵا دەستپێبکات.
لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوپاتیکردەوە، پلان و کارنامەى کارکردنى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ئەوەیە باشتر زانکۆکان خۆیان بۆ پەرەپێدانى سێکتەرى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان ئامادە بکەن، بۆ ئەمەش ئاماژەى بەقۆناغەکانى دەستپێکردنى خوێندنى (ماستەر، دکتۆرا، دبلۆمى باڵا) کردو ڕایگەیاند: بەو پەڕى لێپرسراویەتییەوە لە ڕابردو و داهاتودا کاردەکەین بۆ چەسپاندنى بنەماکانى دادپەروەرى و یەکسانى و شەفافەیەت لە پرۆسەى خوێندنى باڵادا، بەشێوەیەک بتوانین دەستەبەرى ڕەخساندنى زۆرترین و باشترین دەرفەت بۆ پێشکەشکاران بڕەخسێنین.
هەر لە کۆبونەوەکەدا بەشێوەیەکى ورد پلانى خوێندنى باڵاى (ماستەر، دکتۆرا، دبلۆمى باڵا) لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنى لەبارەوەو کراو لە ئەنجامدا بڕیاردرا لە مانگى سێى ئەمساڵ پرۆسەى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى باڵا لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان دەستپێبکات.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیدەگەیەنێت، دواى تەواوبونى ئامادەکارییەکان لە داهاتوییەکى نزیکدا قۆناغ بەندى پرۆسەى خوێندنى باڵا لە ڕوەکانى پلان و ژمارەى کورسییەکان و ماوەى پێشکەشکردن و کاتەکانى ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى و ڕاگەیاندنى ئەنجامەکان و دەستپێکردنى پرۆسەى خوێندن ڕادەگەیەنرێت.
وەڵام بدەوه