ئەمڕۆ یەكشەممە وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئاگەدارییەكی لەبارەی بڵاوبوونەوەی دیناری ساختە بڵاو كردەوە و رای گەیاند كە پێویستە هاووڵاتییان ئاگەداری بڵاوبوونەوەی دراوی ساختە بن لە کاتی مامەڵەکردندا.
وەزارەتی دارایی لە هەژماری فەرمیی خۆیدا لە (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە، ماوەیەکە بڵاوبوونەوەی دراوی ساختە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان زیادی کردووە و وەزارەتی دارایی و ئابوورییش داوا لە هاووڵاتییان دەکات زیاتر چاوکراوە بن لە کاتی مامەڵەکردن بە جۆرەکانی دراو، تا تووشی زیان نەبن.
ئاماژەی بەوە داوە كە لەم چوارچێوەیەدا، بەڕێوەبەرایەتیی بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی خولی هۆشیاری بۆ خەزنەداری بانکەکان کردووەتەوە تا زیاتر چاو کراوە بن لە کاتی مامەڵەکردن بە دراوەکان. بڕیاریشە خولی هۆشیاری بۆ فەرمانگەکان و نووسینگە و کۆمپانیاکانی ئالوگۆڕی دراو بکرێتەوە تا هەمووان زیاتر بە ئاگا بن لە بڵاوبوونەوەی دراوی ساختە و مەترسییەکانی.
لە ماوەی ڕابردووشدا لە لایەن هێزە ئەمنیەیکانەوە دەست بەسەر بڕێکی زۆر دراوی عێراقیی ساختەدا لە جۆری 25 هەزاری و 50 هەزاری و دۆلاری ئەمریکیی ساختەدا لە جۆری 50 دۆلاری و 100 دۆلاریدا گیراوە و ڕێکاری یاسایی پێویست لەمبارەیەوە گیراوەتەبەر.
وەڵام بدەوه