بەردەوامی گفتوگۆکان لەسەر بودجە و پێشبینی ناردنی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران لە هەفتەی داهاتوودا
گفتوگۆکان لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە بەردەوامیان هەیە و پێشبینی دەکرێت لە هەفتەی داهاتوودا بخرێتە بەر باس لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا. ئەوەش دوای ئەوەی پڕۆژەکە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە گەڕێنرابووەوە بۆ وەزارەتی دارایی و چەند بابەتی پەیوەندیدار بە پشکی هەرێمی کوردستان و دامەزراندن دەستکاری کران.
سەرچاوەیەک لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە داوە کە لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق باس لە جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان کراوە. سەبارەت بە پرسی دامەزراندنیش، تێبینیی نوێ جێگیر کراون کە بەپێی ڕێژەی دانیشتووانی پارێزگاکان و هەرێمی کوردستان دەبن، هەروەها پشکی سەرەکیی دامەزراندن بۆ هێزە ئەمنییەکان دەبێت. وەزیری دارایی عێراقیش بەڵێنی داوە کە لە هەر دامەزراندنێکدا، پشکی هەرێمی کوردستان وەک خۆی و بەپێی شایستەکانی بێت.
لە لایەکی ترەوە، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانی بودجەی ساڵی 2027، خەرجیی گشتی بە 217.239 تریلیۆن دینار و داهاتی گشتی بە 174.234 تریلیۆن دینار خەمڵێنراوە. ئەم خەمڵاندنانە لەسەر بنەمای هەناردەکردنی ڕۆژانەی چوار ملیۆن بەرمیل نەوت بە نرخی 58 دۆلار و هەژمارکردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار بە 1,500 دینار دیاری کراون.


وەڵام بدەوه