مەسروور بارزانی پێشبینی بۆ جەنگی ئەمەریكا و ئێران نەكرد و گوتی، سەختە پێشبینی بكرێت كە چەند قوربانی تری لێ دەكەوێتەوە، بەڵام دەبێت خاڵێك هەبێت كە پێویستە لەوێ كۆتایی بێت.
سەرۆك وەزیرانی كوردستان لە چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ كەناڵی جەزیرە باسی لەوە كرد، جەنگەكە كاریگەری گەورەی لەسەر ئابووری كوردستان هەبوو، عێراق پشت بە هەناردەی نەوت دەبەستێ و بەهۆی گەرووی هورمز ناتوانێ ئەوە بكات، بۆیە كاریگەرییەكەی گەورەیە.
هەروەها گوتی، بەشێك لە هێرشە درۆنییەكان چالاكییە ئابوورییەكانی كەم كردەوە و ئێستە 70%ی كاری بازرگانی لە كوردستان كەمی كردووە و ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوام بێت بێگومان خراپتریش دەبێت.
سەرۆك وەزیرانی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، دەمانەوێ هاوكاری عێراق بكەین، بەڵام ئێمە ناتوانین 300 هەزار بەرمیل نەوت زیاتر بەرهەمبێنین، ئەوەی لە كەركووك بەرهەمدێت دەكرێت لە رێی كوردستانەوە بینێرێتە توركیا ئەگەر قەرەبووی دۆخەكەیان بۆ بكاتەوە.
"هەرێمی كوردستان پێویستی بە وەبەرهێنانی زیاترە، بەڵام هێرش و هەڕەشەكان بۆ سەر ژێرخانی وزە كارەكەی سەخت كردووە، كۆمپانیاكان ناتوانن دەست بە كارەكانیان بكەنەوە تەنیا چەند دانەیەكیان نەبێت، بۆیە شتێكی سروشتییە كە هاوكاری عێراق بكەین" مەسروور بارزانی وای گوت.
لەبارەی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق گوتی، گەورەترین كێشە لە خۆنەگرتنی سیستمی فیدراڵییە، چونكە هێشتا عەقڵیەتێك هەیە قبووڵی ئەوە ناكەن و مادەی سەرەكی دەستوور پشتگوێ دەخرێت كە ئەوە هۆكار بووە بەشێك لە كێشەكان درێژە بكێشێ.


وەڵام بدەوه