مەسرور بارزانی: زیاتر لە هەزار هێرشی مووشەكی و درۆنی كراونەتە سەر هەرێمی كوردستان
”ماوەی ١٠ ساڵە هیچ سەربازێكی ئەمەریكی لە بنكەی ئاسمانیی هەریر نەماون“
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد كە لە ماوەی رابردوودا زیاتر لە هەزار هێرش لە ڕێگەی درۆن و مووشەكەوە كراونەتە سەر هەرێمی كوردستان.
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی (الجزیرة)، پاڵپشتیی بۆ حكوومەتی فیدرالی دەربڕی، بۆ ئەوەی چەك تەنیا لە دەست هێزە فەرمییەكانی عێراق كۆبكرێتەوە.
هاوكات ئەوەی ئاشكرا كرد كە زیاتر لە هەزار هێرش بە مووشەك و درۆن كراونەتە سەر هەرێمی كوردستان، هێرشەكانیش راستەوخۆ لە نێو خاكی ئێرانەوە كراون، یانیش لە ڕێگەی هەندێك میلیشیاوە لە نێو عێراقدا كراونەتە سەر كوردستان.
هەر لەو چاوپێكەوتنەدا سەرۆكی حكوومەت ئەوەی راگەیاندووە: ”ماوەی ١٠ ساڵە هیچ سەربازێكی ئەمەریكی لە بنكەی ئاسمانیی هەریر نییە.“
لەبارەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەریش، ئەوەی خستووەتە ڕوو كە هەرێمی كوردستان پەیوەندیی باشی لەگەڵ دیمەشق هەیە و بەرەوپێشیش چووە، پەیوەندیشی لەگەڵ توركیا زۆر باشە.
جەختیشی كردووەتەوە: ”هیچ لایەنێك فشاری لێ نەكردووین بۆ ئەوەی تێكەڵی شەڕ ببین و ناشمانەوێت ببینە لایەنێك لە هیچ ململانێیەك لە ناوچەكەدا.“


وەڵام بدەوه