وەزارەتی دارایی ئامادەکاری بۆ بوودجەی ساڵی ٢٠٢٧ ی عێراق دەکات.
لەسەر ڕاسپاردەی ئەنجومەنی وەزیران و بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە پرۆژە یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢٧ ی حکومەتی فیدراڵی عێراق، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ( ٢ ی ئابی ٢٠٢٦ ) بەسەرپەرشتی بەڕێز ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و ئامادەبوونی بەڕێزان دکتۆر دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان و کەمال محەمەد وەزیری کارەبا و دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرۆ سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ژمارەیەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، کۆبوونەوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا بەوردی گفتوگۆ كرا لە بارەی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا و دواین داتاکانی سەرژمێری گشتی دانیشتووان، بڕیاردرا لەچەند ڕۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەی تایبەت لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکان ئەنجام بدرێت تاكو بتوانرێت خواستەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی داهاتوو لەبوودجەی عێراق جێ بکرێتەوە.
شایەنی باسە ماوەی چەند مانگێکە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان دەستی بە ئامادەکارییەکان کردووە بەمەبەستی خەمڵاندنی بوودجەی پێویست بۆ مووچە و خەرجی بەکارخستن و وەبەرهێنان لەگەڵ داواکردنی دامەزراندنی میلاکی پێویست بۆ هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاسای بوودجەی عێراقی فیدراڵ و گەڕانەوەی شایستەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە بەهۆی نەبوونی بوودجە و قەیرانی
داراییەوە بۆیان خەرج نەکراوە.
هەولێر ٢/٨/٢٠٢٦


وەڵام بدەوه