سوپاس و پێزانینێکی زۆرم بۆ خەڵکی خۆشەویست و جوامێر و مرۆڤدۆستی پارێزگەی هەڵەبجە و هەورامان هەیە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەوڵێکی بێ وچان و کۆششێکی بێ وێنەیان کرد لە دۆزینەوەی تەرمی گەشتیارێکی جوانەمەرگی خەڵکی کەربەلا بە ناوی ڕوقیە ، کە ئەمەش هەرگیز نامۆ نییە بە کولتووری مرۆڤدۆستی و بەخشندەیی خەڵکی کوردستان، بە تایبەتی دەستخۆشی لە پارێزگاری هەڵەبجە و هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی بەرگری شارستانی و هەموو ئەو خۆبەخش و کەسانە دەکەم ڕۆڵیان لە دۆزینەوەی تەرمەکەدا هەبوو.
پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری خوالێخۆشبوو دەکەم و هاوخەمیانم . خودای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییان پێ ببەخشێت.
بە داخەوە لەم ماوەیەدا، ڕووداو و کارەساتی دڵتەزێنی خنکان زۆر بوون، دەبێ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت ڕێکار و ڕێنمایی پێویستی سەلامەتی لە شوێنە گەشتیارییەکان توندوڵتر بکەن بە تایبەتی لە نزیک ڕووبار و بەنداو و سەرچاوەکانی ئاو ، هەروەها داوا و تکا لە هاووڵاتییان و گەشتیارانی بەڕێز دەکەم کە ئەو ڕێنماییانە لەبەر چاو بگرن و ئاگاداری سەلامەتی خۆیان و کەسوکاریان بن .
نزاکارین لە خودای مەزن کە هەموو لایەک بپارێزێت .
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2026/6/18


وەڵام بدەوه