ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 6/10، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا ناوەندی گەنجان Youth Hub - ی کردەوە، کە گەورەترین و پێشکەوتووترین ناوەندی گەنجانە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان و جیهان و لەلایەن کوردستان فاوندەیشنـەوە دروستکراوە و بەڕێوە دەبرێت.
سەرۆکی حکومەت بەشە جۆراوجۆرەکانی ناوەندەکەی بەسەر کردەوە کە تایبەتن بە چالاکییە ڕۆشنبیری، ڕاگەیاندن، هونەری، وەرزشی و تەکنەلۆژی و چەند بوارێکی دیکە.
پاشان سەرۆکی حکومەت لە گوتەیەکدا، باسی لە گرنگیی ئەم ناوەندەکە کرد وەک گەورەترین ناوەندی گەنجانە لەسەر ئاستی جیهان. لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت گوتی؛ جێی شانازییە بۆ هەموو خەڵكی كوردستان كە ئێمە ناوەندێكی بەم شێوەیە ئێستا لە كوردستان هەمانە و بووەتە سەكۆیەك، بووەتە شوێنێك بۆ ئەوەی هەموو گەنجەكانی كوردستان بتوانن سوودی لێ ببینن.
پیرۆزبایی لە هەموو گەنجانی كوردستان و هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم، دەستخۆشیش لە هەموو ئەو بەڕێزانە دەكەم كە ڕۆڵیان هەبووە لە دامەزراندنی ئەم ناوەندە و بەردەوامیشن لە پێگەیاندنی گەنجەكان و دروستكردنی ئەو پەیوەندییە تەندروستەی كە پێویستە هەمانبێت لە نێوان گەنجەكان و هەموو ڕۆڵەكانی ئەم كۆمەڵگەیە.
سەرۆکی حکومەت هەروەها گوتی؛ زۆر خۆشحاڵ بووم بە بینینی ئەو گەنجە بەهرەمەندانەی كە ئەمڕۆ لێرە بەشێكیان بەرهەمەكانی خۆیان پێشانی ئێمە دا. ئەوەی گرنگە بۆ ئێمە ئەوەیە كە گەنجەكانی ئێمە شوێنێكیان هەبێت بتوانن تێیدا كۆببنەوە و لە هەموو ڕوویەكەوە سوودی لێ ببینن. كتێبخانەیەكی گەورە لەم ناوەندەدا هەیە كە پڕە لە كتێب و لە بەرهەمە گرنگەكان بۆ ئەوەی لە ڕووی زانستی و لە ڕووی مێژووییەوە گەنجەكان سوودی لێ ببینن.
ئەوەی من داوا دەكەم و پێشنیاز دەكەم، گەنجەكانمان مێژووی خۆیان بخوێنن، بۆ ئەوەی ببینن و بزانن لە كوێوە هاتووین و ئەوەی ئێستا لە كوردستان هەمانە، بەرهەمی خەبات و ڕەنجی نەتەوەیەكی ستەمدیدە و ستەم لێكراوە. ئێمە بە درێژایی مێژوو ستەمێكی گەورەمان لێكراوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش خۆمان نەچەماندووە و نەمانهێشتووە كە ئیرادەی گەلەكەمان بمرێت. بەرهەمی خەباتی پێشمەرگە و قوربانیدانی ئەم گەلە وایكردووە كە ئێستا كوردستانێكی گەشەسەندوو و پێشكەوتوومان هەیە و ئومێدم وایە ئەم گەنجانە بتوانن زیاتر بەرەو پێشەوەی ببەن.
سەرۆکی حکومەت داوای لە گەنجەكان کرد كە پەرە بە تواناكانی خۆیان بدەن. زۆرجار گلەیی ئەوەمان دەبیست كە كوردستان شوێنێكی تێدا نییە كە گەنجەكان بتوانن بەهرەكانی خۆیانی تێدا بەرەو پێشەوە ببەن یانیش دەرفەت و فورسەتێكیان بۆ پەیدا ببێت بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگرن. دروستكردنی ئەم ناوەندە ئەم شوێنەیە كە گەنجەكانمان چیتر روو لە هەندەران نەكەن، پێیان وا نەبێت وڵاتەكەیان شوێنی ئەوانی تێدا نییە، وڵاتی ئێمە شوێنی ئەم گەنجانەیە، ئەوانەی كە خەباتیان كردووە و زەحمەتیان كێشاوە و تا ئێرە هێناویانە و كوردستانیان ئاوەدان كردووە، لەمەودوا ئەم ئەركە دەكەوێتە سەر شانی گەنجەكانمان.
سەرۆکی حکومەت گوتیشی ئەم ناوەندە لە چەندین ڕووەوە دەتوانێت یارمەتیی گەنجەكان بدات، لە ڕووی وەرزشییەوە شوێنی باشیان هەیە بۆ ئەوەی گەنجەكان بتوانن خۆیان تێیدا پەروەردە بكەن. لە ڕووی كولتوور و كەلەپووری نەتەوەییمانەوە، بتوانن هەم ئاشنا بن بەو كولتوور و كەلەپوورە، هەم بە جیهانیشی بناسێنن.
من داوام لە گەنجەكانمان هەیە، خۆیان دوور نەگرن لەو كولتوورە جوانەی كە وڵاتەكەمان هەیەتی. جلوبەرگی جوانی كوردی لەبەر بكەن و شوێنە جیاوازەكانی وڵاتەكەمان بە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان بەوەوە جوانە كە شانازیی بەو كولتوورە نەتەوەییەی خۆیان بكەن. خۆتان بەدوور مەگرن، لە بۆنەكانی وەكوو ئەمڕۆ و هاوشێوەی ئەمڕۆ، داواتان لێ دەكەم بگەڕێنەوە بۆ دروستكردنی ئەو پەیوەندییە تەندروستە لەگەڵ مێژووی خۆتان، بەڵام سوودوەرگرتن لە مێژوو بەس نییە و بەستنەوەی ئێستا بە مێژووش بەس نییە، دەبێ ئێمە بیری گەورەمان هەبێ بۆ داهێنان و دروستكردنی ئاییندەیەكی گەشتر، وڵاتێكی ئاوەدانتر. گەنجەكان دەتوانن سوود لە زانست و تەكنەلۆژیا ببینن كە ئەم جۆرە ناوەندانە و بە تایبەتی ئەم ناوەندە دەتوانێت بیخاتە خزمەتی گەنجەكانمان. لە ڕووی تەكنەلۆژییەوە ئامێری باش دەخرێتە خزمەتیان كە ئەوان بتوانن سوودی لێ وەربگرن.
لە ڕووی تێكەڵاویی كۆمەڵایەتی، بەبێ فەرق و جیاوازی لە هەموو ناوچە و شار و شارۆچكەكانی كوردستان گەنجەكان دەتوانن سەردانی ئەم ناوەندە بكەن، هەم بە یەكتر ئاشنا بن، هەم بتوانن بیروبۆچوونەكانی خۆیان ئاڵوگۆڕ بكەن و سوود لە تواناكانی یەكتر وەربگرن، چۆنیش بتوانن كاریگەرییان لەسەر داڕشتنی سیاسەتی داهاتووی وڵاتەكەمان هەبێت.
لە کۆتایی گۆتەکەیدا سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە گەنج چیتر با وا نەزانێ كە پێگەیان نییە یان دەنگیان بیستراو نییە، دەنگی ئێوە بیستراوە و شوێن دەستی ئێوەش دیارە. راستە ئێوە هیوای دواڕۆژی وڵاتەكەمانن، بەڵام ئێوە هەر لە ئەمڕۆوە كاریگەریتان هەیە لەسەر دروستكردنی ئەو ئاییندەیەی كە دەتانەوێ تێیدا بژین. ئێوە بەشێكن لەو كۆمەڵگەیە و ئێوە دەبێ بەشێك بن لە دروستكردنی سیاسەتی وڵاتەكەتان. دەتانەوێ بەرەو كوێ بڕۆن؟ دەتانەوێ چاو لە چ وڵاتێكی پێشكەوتوو بكەن؟ ئەوەی لەسەر ئێمەمانانە یارمەتیتان بدەین و ئەو كەرەستانەتان بخەینە بەردەست، ئێوەش بە بەهرەی خۆتان، بە بۆچوونەكانی خۆتان، بە زیرەكی و شارەزایی و لێهاتوویی خۆتان، بتوانن تواناكانی خۆتان بەكار بهێنن بۆ دروستكردنی وڵاتێكی ئاوەدانتر و گەشەسەندووتر. دەتوانن یارمەتیمان بدەن لە رووی دروستكردنی ژێرخانێكی ئابووریی باشتر، تەلاری جوانترمان بۆ ئاوەدان بكەنەوە، كەرتی تەندروستیمان باشتر بكەن، خوێندنمان بەرەو ئاستێكی بەرزتر ببەن، لە هەموو ڕوویەكەوە دەتوانن یارمەتیمان بدەن كە ئێمە بتوانین شانازیی بە بوونی ئێوە بكەین، هەروەك شانازیتان پێوە دەكەین. من دواقسەم بۆ خوشك و برایانم، بۆ هەموو گەنجانی خۆشەویستی كوردستان ئەوەیە، خەونی گەورە ببینن، ئامانجتان با گەورە بێت، هیچ خەونێك ئەوەندە گەورە نییە، هیچ ئامانجێكیش ئەوەندە بە زەحمەت نییە كە بەدی نەیەت، جگە لەوەی كە هەوڵی بۆ نەدەن. بۆیە هیوادارم بەردەوام بن لە بینینی خەونی گەورە و بەرەو ئەو ئاستە بڕۆن كە شایستەی داهاتووی ئێوەیە.


وەڵام بدەوه