مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە یادی دەرچوونی بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، پەیامێکی ڤیدیۆیی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردەوە و تێیدا تیشکی خستە سەر مێژووی پڕ لە ئازاری گەلی کوردستان و گرنگیی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
لە ڤیدیۆکەدا کە دیمەنی دڵتەزێنی کۆڕەوە ملیۆنییەکەی ساڵی 1991ی تێدایە، مەسرور بارزانی ئاماژە بەوە دەکات کە ئاوارەیی و دەربەدەری ئەزموونێکی هاوبەشی زۆرینەی خێزانە کوردەکان بووە و دەڵێت: "زۆرێک لە باوک و باپیران و کەسوکارتان، بە خێزانی خۆشمەوە، ژیانی ئاوارەییمان بینیوە، یان زۆر کەس ژیانی ژێردەستیمان چەشتووە."
سەرۆکی حکوومەت دەشڵێت: "دەزانین کە ئاوارەبوون و دووربوون لە نیشتمان، یان ژیان لە ژێر چەوسانەوە و ستەمدا، چەندە ناخۆشە." ئەو جەخت دەکاتەوە کە خۆشی لە خێزانێکەوە هاتووە کە بەردەوام ڕووبەڕووی پەلاماری داگیرکەران بوونەتەوە و لە ژێر مەترسیی بۆردومانی فڕۆکە و ئاوارەییدا ژیاون.
سەرۆکی حکوومەت لە پەیامەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، دەرچوونی بڕیاری 688ی لە ساڵی 1991 بە "وەرچەرخانێکی مێژوویی" ناوبرد لە بەدەنگەوەهاتنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی کوردستان. ئەم بڕیارە بووە بنەمای دروستکردنی ناوچەی دژەفڕین و پاراستنی خەڵکی کوردستان لە هێرشەکانی ڕژێمی ئەوکاتی عێراق.
مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا سوپاس و پێزانینی قوڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ وڵاتانی (ئەمەریکا، بەریتانیا و فەرەنسا) دووپات کردەوە و ڕایگەیاند: "هاریکاری و پشتیوانییەکانیان لە یاد ناکرێت."
لە کۆتایی پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا، مەسرور بارزانی پەیامێکی ڕوون ئاراستەی نەوەی ئێستا دەکات و دەڵێت: "دەزانم کە ئەم دەرفەتانەی ئێستا هەمانە، بە ئاسانی بەدەست نەهاتوون." ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو قوربانیدانە گەورەیەی کە گەلی کوردستان لە پێناو گەیشتن بەم قۆناغەی ئێستا پێشکەشی کردووە.
دەقی پەیامی سەرۆکی حکوومەت:
دەرچوونی بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆدا لە ساڵی 1991، وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو لە بەدەنگەوەهاتنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەپێناو پاراستنی کوردستان.
سوپاس و پێزانینێکی زۆرمان بۆ هاریکاریی و پشتیوانیی دۆستانمان لە وڵاتانی ئەمەریکا و بەریتانیا و فەرەنسا هەیە و هاوکاری و پشتیوانییەکانیان لە یاد ناکرێت.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
#kurdistanpress


وەڵام بدەوه