شارەزایەكی كەشناسیی لەبارەی كەشوهەوای سبەی هۆشداری دەدات و دەڵێ، شەپۆلەكە فراوانتر دەبێت و هەورەبرووسكە و تەزرەی لەگەڵدا دەبێت.
لە بارەی دوایین گۆڕانكاری كەشوهەوا لە هەرێمی كوردستان، ئاراس جەبار شارەزای كەشناسی پێشبینی دەكات سبەی سێشەم دووبارە لەئەنجامی زیادبوونەوەی كاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور و نزمەپاڵەپەستۆی كەنداو، جارێكی تر ناجێگیری لە كەشوهەوای ناوچەكەدا دروست دەبێتەوە.
روونیشی كردووەتەوە كە لەكاتەكانی بەیانی بۆ نیوەرۆ هەورەبرووسكە و بارانی بەخووڕ و تەزرە لە ناوچەكانی باشوور و ناوەراست و رۆژهەڵاتی عێراق دەستپێدەكاتەوە و پاشان لەكاتەكانی دوای نیوەرۆ بەدواوە ناوچەكانی سنووری ئیدارەی گەرمیان و كەركووك و سلێمانی و هەڵەبجەش دەگرێتەوە.
ئاراس جەبار باسی لەوە كردووە كە كاریگەری ئەم شەپۆلە بۆ ناوچەكانی سنووری پارێزگای دهۆك و هەولێر و ئیدارەی راپەرین و سۆران بەگشتی لە رۆژی سێشەمدا لاوازەبێت و ئەگەر هەیە لەهەندێ شوێن بارانێكی كەم بۆ مامناوەند ببارێت و پلەكانی گەرماش جێگیر دەبن.
لەبارەی كەشوهەوای رۆژی چوارشەم، دەڵێ، شەپۆلەكە فراوانتر دەبێت و بارانی باش و مامناوەندی پچر پچر سەرجەم ناوچەكانی سنووری پارێزگای دهۆك و هەولێر و ئیدارەی سۆران و راپەرین دەگرێتەوە و لە ناوچەكانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و كەركووك و گەرمیان بەهێزتر دەبێت و ناوبەناو تاوە بارانی بەخووڕ و هەورەبرووسكە بەردەوامی دەبێت و پاشان كاریگەری ئەو شەپۆلەش لەكاتەكانی ئێوارەی چوارشەمەوە بە تێپەرینی كات لاواز دەبێت و كەش جێگیر دەبێتەوە


وەڵام بدەوه