سەرۆکی حکومەت؛ داوا لە حکوومەت و پەرلەمانی فیدراڵ دەکەین و هەڵوێستیان هەبێت و سنوورێک بۆ ئەم تاوانبارانە دابنێن کە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان
سەرۆکی حکومەت بەشداری لە پرسەی شەهید وڵات دەکات و بریندارانی هێرشەکانی هەولێریش بەسەر دەکاتەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە 3/8 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر، بەشداری لە پرسەی شەهید وڵات تاهیر کارمەندی ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرد کە لە ئەنجامی هێرش و پەلامارەکانی سەر هەولێر شەهید بوو.سەرۆکی حکومەت پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەميی خۆی بە بنەماڵە و کەسوکاری گەیاند.
پاشان سەرۆکی حکومەت لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر ، بریندارانی هێرشەکانی بەسەر کردەوە و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ خواستن .
سەرۆکی حکومەت لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن ، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی شەهید وڵات تاهیر کرد و گوتی بێگومان ئەمە یەکەم شەهیدی کوردستان نییە و دوا شەهیدیش نابێت.
سەرۆکی حکومەت سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانی کرد و دووپاتی کردەوە کە ئەو پەلامارانە هیچ پاساوێک هەڵناگرن و تەنیا لەبەر ڕق و کینەیەکی زۆرە بەرامبەر بە کوردستان و گەلەکەی. جەختیشی کردەوە کە ئەو شۆڤێنیانە پێویستە ئەوە بزانن کە ئەم هەڵوێستە دوژمنکارانەی ئێستا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان گرتوویانەتە بەر، لەبیری خەڵكی کوردستان ناچێت.
سەرۆکی حکومەت ، داواشی لە حکوومەت و پەرلەمانی فیدراڵ کرد هەڵوێستیان هەبێت و سنوورێک بۆ ئەم تاوانبارانە دابنێن، چونکە بەداخەوە تا ئێستاش ئەو گرووپانەی ئەم کارانە دەکەن، لەلایەن حکوومەتی بەغداوە پارەدار دەکرێن و مووچە و چەکیان پێدەدرێت.
سەرۆکی حکومەت گوتیشی بە هیچ جۆرێک قبووڵ ناکەین ئەم هێرشانە بەردەوام بن و خوێنی شەهیدانی ئێمە بە فیڕۆ بڕوات، هەموو هەوڵێک دەدەین کوردستان لە شەڕ و ئاژاوە بەدوور بگرین، بەڵام وەک جەنابی سەرۆک بارزانی فەرمووی هەموو شتێک سنووری هەیە، هیوادارین حکوومەتی فیدراڵیش بێنە سەر هێڵ و سنوورێک بۆ تاوانباران دابنێت و چیتر پشتیوانییان نەکات.
سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە، هەرێمی کوردستان هیچ کاتێک جێگەی مەترسی نەبووە و نابێت بە هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ.
گوتیشی چەندین پەیوەندیم لە سەرۆک و سەرکردەکانی جیهانەوە پێگەیشتووە، هەمووان پشتیوانیی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و هاوڕاین کە دەبێت یارمەتیی یەکتر بدەین بۆ گەڕانەوەی ئاشتی.


وەڵام بدەوه