سەرۆک بارزانی پێشوازی خاتوو فیکتۆریا تەیلەر دەکات
ڕۆژی چوارشەممە 11ی شوباتی 2026 لە پیرمام، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو فیکتۆریا تەیلەر جێگری پێشووی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ (عێراق- ئێران) و بەرپرسی بەشی دەستپێشخەری عێراق لە ناوەندی لێکۆلینەوەی ئاتلانتیک کاوسل (Atlantic Council) کرد.
لەدیدارەکەدا بارودۆخی هەنوکەیی ناوچەکە بە گشتی و پڕۆسەی سیاسیی لە عێراق و دوا هەوڵی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و پەیوندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆیان لە بارەوە کرا.
هەر لەو دیدارەدا دۆخی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان و پێشهاتەکان خرانە بەر باس، خاتوو فیکتۆریا تەیلەر ئاماژەی بە ڕۆلی گرنگی سەرۆک بارزانی دا لە هەوڵەکانی لەگەڵ دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات و نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا بۆ جێگیربوونی ئاگربەست و گرتنەبەری دیالۆگ بۆ چارەسەری کێشەکان، و ئەو هەوڵانەی بەرز نرخاند.
لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە دەمانەوێت ئاشتی و ئارامی لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان بەرقەراربێت و ئاگربەستی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات بەردەوام بێت، و هەردوولا پابەندبن بە جێبەجێکردنی خاڵەکانی نێو ڕێککەوتنی نێوانیان لە پێناو نەمانی شەڕ و ئاڵۆزی، لەو پێناوەشدا هەرچیەک بە ئێمە کرابێت لە ڕووی نێوەندگیری لە نێوان هەردوولا و گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ لێقەومان و زیانبەرکەوتوان ئەنجاممان داوە.


وەڵام بدەوه