ئەمڕۆ سێشەممە، 10ی شوباتی 2026، بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، دەستپێکردنی گشتگیری پلاتفۆرمی e-Psûle (ئی-پسوولە) ڕاگەیەندرا کە سیستەمێکی نیشتمانیی یەکگرتووە بۆ پێدانی پسوولە حکوومییەکان بە شێوەی دیجیتاڵی.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاوی كردەوە: "ئەم پلاتفۆرمە بە فەرمی لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە پەسەند کراوە, ئەم هەنگاوە وێستگەیەکی گرنگ و چارەنووسسازە لە چوارچێوەی ستراتیجی حکومەت بۆ وەرچەرخانی دیجیتاڵی، کە کۆتایی بە دەیان ساڵ لە كاركردن بە مامەڵەی نەختی (کاش) و ڕۆتینی کاغەزی دەهێنێت."
ئاماژەی بەوەش داوە، ئەم پلاتفۆرمە نوێیە، ڕێگە بە هاووڵاتییان دەدات لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی كوردستان، پسوولە حکومییەکان – کە سەرەتا بە پسووڵەی کارەبا دەست پێدەکات – لە هەر کاتێکدا (بە شێوەی 24 كاتژمێری) و لە هەر شوێنێک بن، بەكار بهێنن، بەبێ ئەوەی پێویست بە سەردانکردنی فەرمانگە حکومییەکان و نۆرەگرتن بکات.
بەکارهێنانی پلاتفۆرمەکە بێبەرامبەرە و هاووڵاتی هیچ تێچوویەکی زیادە (عمولە) لە کاتی پارەدان لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنەکە یان لە ڕێگەی هاوبەشە ڕێگەپێدراوەکانەوە لەئەستۆ ناگرێت.
گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئی پسوولە e-Psule:
- کۆنترۆڵی تەواو:
هیچ لێبڕینێک ناكرێت بەبێ ڕەزامەندیی هاووڵاتییان لە مووچە یان هەژماری بانکی؛ واتە هاووڵاتی خۆی بڕیاردەرە لە ئەنجامدانی پرۆسەی پارەدانەکە.
- شەفافییەت:
سیستەمەکە وردەکارییەکانی پسوولەکە بە ڕوونی پیشان دەدات، بە جیاکردنەوەی (قەرزی کۆن) لە (پسوولەی ئێستا) بۆ ئەوەی هاووڵاتی بە وردی بزانێت پارەی چی دەدات.
- فرەیی کەناڵەکان:
دەکرێت پارەدانەکە ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی e-Psûle، یان لە ڕێگەی جزدانە ئەلیکترۆنییەکان وەكوو: (FastPay, AsiaPay, NassWallet) و بانکە بەشداربووەکان (FIB, Cihan) ئەنجام بدرێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری جەخت دەكاتەوە، ئەم پڕۆژەیە بۆ دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی كوردستانە، بە دابینکردنی خزمەتگوزاریی سەردەمیانە، کە شایستەی هاووڵاتییانە و برەودانە بە شەفافییەتی دارایی و ئاسانکاری بۆ ژیانی ڕۆژانە.


وەڵام بدەوه