شارەزایەکی بواری کەشناسی دوایین زانیاری لەبارەی هاتنی شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران ئاشکرا دەکات.
ئەمشەو شەممە 17/1/2026، ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی بڵاوی کردووەتەوە: "لە کاتەکانی بەیانی سبەی لە ئەنجامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست باران و بەفری مامناوەندی پچر پچر دەستپێدەکاتەوە و سەرەتاش ناوچەکانی سنووری پارێزگای دهۆک دەگرێتەوە و پاشان لەکاتەکانی دوای نیوەرۆدا کاریگەرییەکانی درێژ دەبێتەوە بۆ سەر سنووری پارێزگای هەولێر و ناوچە شاخاوییەکانی، لە کاتی شەویشدا بۆ رۆژی دووشەمە ناوچەکانی سنووری ئیدارەی راپەرین و پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، کەرکووک و ئیدارەی گەرمیان دەگرێتەوە و بەفر لەناوچە شاخاوییەکان دەبارێت لەگەڵ بارانی کەم بۆ مامناوەندی پچر پچر لە سەنتەری شارەکان.
ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی بڕی باران و بەفری پێشبینیکراوی بەم شێوەیەی خوارەوە خستووەتە روو:
- سنووری هەولێر 5-10ملم باران، ناوچە شاخاویەکان 20-30سم بەفر
- سنووری دهۆک 10-15ملم باران، ناوچە شاخاوییەکان 20-30سم بەفر
- سنووری سلێمانی و هەڵەبجە 5-10ملم باران، ناوچە شاخاوییەکان 5-15سم بەفر
- ئیدارەی راپەرین 10-25ملم باران، ناوچە شاخاوییەکان 20-30سم بەفر
- سنووری کەرکووک و ئیدارەی گەرمیان 1-5ملم باران
ئاماژەشی بەوە داوە: "بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەکی ساردەوە لە رۆژی سێشەمە 20/1/2026، شەپۆلێکی سەرما سەرجەم ناوچەکانمان دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما بەرێژەی 6 تا 7 پلە نزمدەبنەوە و بەجۆرێک لە سەنتەری پارێزگاکان بەرزترین پلەی گەرمی لەنێوان 2 بۆ 4 پلەی سەدی دەبێت و نزمترین پلەی گەرمی 3 تا 4 پلە بۆ ژێر سفر نزمدەبنەوە، لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەرزترین پلەی گەرمی 2 تا 5 پلە لە ژێر سفر دەبێت و نزمترین 10 تا 14 پلە بۆ ژێر سفر نزمدەبنەوە، واتا لە شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە تا نیوەرۆی سێشەمە هەر دابارینێک دروستببێت لە سەنتەری شارەکانیش دەیکات بە بەفر، بەڵام بەگشتی شەپۆلەکە لەوکاتەدا زۆر لاوازبووە کە سەرماکە دێت بۆیە هەموو شوێنێک نابارێت و بڕی بەفرەکەش کەم دەبێت."


وەڵام بدەوه