ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا سووریا، رۆژی هەینی، 16-01-2026، فەرمانێکی دەرکرد و تێیدا دانی بەوەدا نا کە کورد لە سووریا "بەشێکی بنەڕەتی و رەسەنی گەلی سووریان." هەروەها زمانی کوردیشی وەک "زمانێکی نیشتمانی" ناساند و رۆژی نەورۆزیشی لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا کردە پشووی فەرمی.
لە فەرمانی ژمارە (13)ـی ساڵی 2026ـدا، کە لەسەر بنەمای "بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی" دەرچووە، سەرۆکی سووریا جەختی لەوە کردووەتەوە کە شوناسی کولتووری و زمانیی کورد "بەشێکی دانەبڕاوی شوناسی نیشتمانیی فرەڕەنگ و یەکگرتووی سووریایە."
یەکێک لە گرنگترین بڕگەکانی فەرمانەکە، هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئاسەوارەکانی سەرژمێریی مشتومڕاویی ساڵی 1962ـی پارێزگای حەسەکەیە، کە بەهۆیەوە سەدان هەزار کورد بێ وەڵاتینامە کران. بەپێی فەرمانە نوێیەکە، وەڵاتینامەی سووری بە هەموو ئەو کوردانە دەدرێت کە لە سووریا نیشتەجێن، بە بێ ناسنامەکانیشەوە.
گرنگترین خاڵەکانی فەرمانەکەی سەرۆکی سووریا:
• دانپێدانان: هاووڵاتییانی کوردی سووریا بەشێکی بنەڕەتی و رەسەنی گەلی سووریان.
• زمانی کوردی: وەک زمانێکی نیشتمانی دادەنرێت و رێگە بە خوێندنی لە قوتابخانە حکومی و تایبەتەکاندا دەدرێت لەو ناوچانەی کورد رێژەیەکی بەرچاوی دانیشتووانی پێکدەهێنن.
• مافی کولتووری: دەوڵەت پابەندە بە پاراستنی فرەڕەنگیی کولتووری و زمانی و مافی هاووڵاتییانی کورد بۆ زیندووکردنەوەی کولتوور، هونەر و پەرەپێدانی زمانی دایکیان مسۆگەر دەکات.
• وەڵاتینامە: هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم یاسا و رێکارە تایبەتەکانی سەرژمێریی ساڵی 1962 و پێدانی وەڵاتینامەی سووری بە هەموو کوردانی بێ ناسنامە.
• نەورۆز: دیاریکردنی جەژنی نەورۆز (21ـی ئادار) وەک پشوویەکی فەرمیی بە مووچەوە لە سەرتاسەری سووریادا، بەو پێیەی جەژنێکی نیشتمانییە.
• دژایەتیی جیاکاری: دامەزراوە میدیایی و پەروەردەییەکانی دەوڵەت پێویستە گوتارێکی نیشتمانیی گشتگیر پەیڕەو بکەن و هەر جۆرە جیاکارییەک لەسەر بنەمای نەتەوەیی یان زمانی قەدەخەیە.
فەرمانەکە لە رۆژی دەرچوونییەوە کاری پێدەکرێت و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون بۆ دەرکردنی رێنماییەکانی پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی.


وەڵام بدەوه