وەزارەتی ناوخۆى حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هاتووە: هاونیشتیمانیانی ئازیز ئاگادار دەکەینەوە کە ماوەیەکە دەنگۆی ناڕاست بڵاو دەکرێتەوە کە حکومەتی فیدراڵ/وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران قەرەبووی ئەو هاووڵاتیانە دەکاتەوە کە بە هۆی سیاسەتەکانی رژێمی بەعس بە تایبەت لە دوای ڕێکەوتنامەی شوومی جەزائیر لە ساڵی ١٩٧٥ ئاوارەی وڵاتانی ئێران و تورکیا و سوریا بوون و لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلەکەمان لە ١٩٩١ گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان.
دەشڵێ: لێرەوە بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیێنین، کە سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان/ وەزارەتی ناوخۆ هەوڵی زۆری داوە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، حکومەتی فیدراڵ بەرپرسیارێتیی خۆی بەرامبەر بەو خانەوادە بەڕێزانە جێبەجێ بکات، تا نوسینی ئەم روونکردنەوەیە هیچ وەڵامێکی فەرمی لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵی پێمان نەدراوە و کۆی ئەو هەواڵانەی لە ئێستادا بڵاو دەکرێنەوە دوورن لە ڕاستی.
ئاماژەى بەوەشداوە: بۆیە ئاگاداری هاونیشتمانیانی ئازیز دەکەینەوە کە نەکەونە بەر لێشاوی پرووپاگەندەی هەڵبژاردن بۆ بەرژەوەندیی چەند کەس و لایەنێک. دڵنیاتان دەکەین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئەرک و بەرپرسیارەتیی خۆی هەڵدەستێ و تا بەدەستهێنانی مافەکانتان بە تایبەت مافی قەرەبووکردنەوەی ئاوارە گەڕاوەکان بۆ نیشتیمان، بەردەوام دەبێت و هەر زانیاری و هەنگاوێکی فەرمی هەبێت، لە سەرچاوەی فەرمییەوە پێتان رادەگەیەندرێت.


وەڵام بدەوه