سەرۆکی حکومەت: سامانە سروشتییەکانی کوردستان سامانی هەموو خەڵكی كوردستانە و موڵكی هیچ كەس و حزب و لایەنێكی سیاسیی نییە
ئەمڕۆ سێشەممە 10/28، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ستراتیژیی گەیاندنی بۆڕیی گازی سروشتی لە هەولێرەوە بۆ دهۆک كردەوە کە درێژییەکەی 198 کیلۆمەترە و بە گوژمەی 591 ملیۆن دۆلار لەلایەن کۆمپانیای کارەوە جێبەجێ کراوە.
لە گوتارێكدا كە لە ڕێورەسمی كردنەوەی پرۆژەكە لە دهۆک پێشكەشی كرد، سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوە كرد کە سامانە سروشتی کوردستان، سامان و موڵکی خەڵكی كوردستانە و موڵكی هیچ كەسێك و هیچ حزب و لایەنێكی سیاسیی نییە. ئەمەش دەقی گوتارەكەیە:
بە ناوی خودای مەزن و میهرەبان
ئامادەبووانی هێژا:
گەلێك بەخێر بێن و سوپاس بۆ ئامادەبوونتان. پێش هەموو شتێك سوپاس بۆ خوا كە ئەم دەرفەتەی پێداین بتوانین ئەم پرۆژانە جێبەجێ بكەین و بیانخەینە خزمەتی خەڵكی كوردستان. جێی خۆیەتی من دەستخۆشی لە ئەو وەبەرهێنەر و سەرمایەدار و بەڵێندەر و كەسایەتییە بەڕێزانە بكەم كە بەشدار بوون لە سەرخستنی ئەم پرۆژەیە. پێش ئێستا وێستگەی كارەبا لێرە هەبوو كە بەڕێز كاك ئەحمەد ئیسماعیل ئەو وێستگەیەی دروست كردبوو، بەڵام بەداخەوە لەبەر نەبوونی گازوایل یان دیزڵ، وەك پێویست نەیانتوانیوە سوودی لێ وەربگرن. پاش ئەوە ئێمە داوامان كرد كە بە زیادكردنی گازی سروشتی، دەتوانین بۆڕیی گاز لە كۆرمۆرەوە بۆ هەولێر و تا دهۆک رابكێشین تاوەكوو ئێمە بتوانین ئەم وێستگەی كارەبایە بخەینە كار. من داخوازم لە برای بەڕێزم کاک شێخ باز كرد كە ئەم كارەمان بۆ بكەن، لە كۆمپانیای كار، ئەوانیش بەڕاستی تەقسیرییان نەكرد، كاك شێخ باز رۆڵی خۆی گێڕا و لە ماوەی ساڵ و نیوێكدا ئەم ئەركەی بەجێهێنا و ئەم بۆڕییەی راكێشا.
ئەمە هەمووی بەشێکن لە بەرنامەكانی چاكسازیی حكومەتی هەرێمی كوردستان تاوەكوو ئێمە بتوانین زیاتر سوود لە سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان وەربگرین و خزمەتگوزارییەكی زیاتر پێشكەش بە خەڵكی هەرێمی كوردستان بكەین.
پاش ئەوەی حكومەتی هەرێم وەبەرهێنانێكی زیاتری لە بەرهەمهێانی گاز كرد و پشتیوانییەكی زیاتری كرد لەگەڵ كۆمپانیای داناگاز و كۆمپانیای دیكەش، تەنانەت كۆمپانیای كار كە بەرهەمی گاز لە كوردستان زیاتر بكەن، ئێستا وەك بەڕێز كاك كەمالیش ( وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت) باسی كرد، بەرهەمی گاز ئێستا گەیشتووەتە دوو بەرامبەر جاران، ئەمەش هاوكارییەكی ئێجگار زیاد دەكات هەم لە لایەنی دابینكردنی كارەبا بۆ هەرێمی كوردستان و بگرە پاش ئەوە ئێمە دەتوانین كوردستان بكەینە جێیەك بۆ دابینكردنی كارەبا بۆ هەموو عێراق و ناوچەكانی دەوروبەریش. ئێمە پێمان خۆشە كە كوردستان جگە لەوەی دەتوانێت كارەبای 24 كاتژمێری بۆ خۆی دابین بكات، بتوانین ئەو كارەبایە بدەینە ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان و بەشەكانی دیكەی عێراق و ناوچەكەش. لە لایەكی دیكەوە ئەم پرۆژەیە زیاتر هاریكار دەبێت بۆ ژینگەیەكی پاقژتر، چونكە پێش ئێستا دیزڵ و گازوایل كاریگەرییان هەبوو لەسەر پیسكردنی كەشوهەوا، بەڵام گازی سروشتی بێگومان تا ئاستێكی زیاتر پیسبوونی هەواش چارەسەر دەكات. لە رووی دەرامەتی ئەم بابەتەش یانیش ئەو دەرخستەیەی كە بەكاردەهێندرێت بۆ گەیاندنی گاز، زۆر كەمتریش دەبێت، واتە تەنانەت تێچووی لەسەر هاووڵاتیانیش كەمتر دەبێت.
ئێمە پرۆژەی دیكەشمان زۆر هەیە، بۆ ئەوەی ئێمە زیاتر بتوانین گاز لە هەرێمی كوردستان زیاتر بەرهەم بهێنین، ئەویش بۆ نموونە راكێشانی بۆڕیی گاز لە نێوان كۆرمۆر بۆ چەمچەماڵ ئەویش یەكێكی دیكەیە لە بەرنامەكانی حكومەتی هەرێم، هیوادارم ئەویش لە كاتێكی زوودا بە ئەنجام بگات.
بە شێوەیەكی گشتی دەڤەرەكانی هەرێمی كوردستان لە ڕووی سەرچاوە سروشتییەكانەوە دەوڵەمەندن، هەم گاز، هەم نەوت و كانزاکان لە هەرێمی كوردستان زۆرن، ئەو سامانە سروشتییەش، سامانی هەموو خەڵكی كوردستانە، موڵكی هیچ كەسێك و هیچ حزب و لایەنێكی سیاسیی نییە، پێویستە ئێمە بە باشترین شێوە بتوانین سوود لەو سامانە سروشتیانە وەربگرین و بیخەینە خزمەتی هاووڵاتیانی كوردستان، چۆن نەوت لێرە بەكار دەهێندرێت بۆ هەموو بەشەكانی هەرێمی كوردستان، هەموو شار و پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، هەر جێیەكیش گازی لێبێت، بێگومان بۆ هەموو هەرێمی كوردستان بێ جیازازیی بەكار دەهێندرێت.
پڕۆژەی ڕووناكی كە پرۆژەی 24 كاتژمێریی كارەبایە بۆ هەموو هەرێمی كوردستان، هەتا ئاستێكی زۆر كەوتووەتە كار، ئێستا زیاتر لە چوار ملیۆن كەس لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان سوودی لێ وەردەگرن، گەلێك شار و سەنتەری شارە مەزنەكانمان بووەتە كارەبای 24 كاتژمێری و هەتا ساڵی داهاتوو، ئینشائەڵا هەموو كوردستان دەبێتە كارەبای 24 كاتژمێری.
بێگومان ئەم پرۆژەیە كە پرۆژەیەكی زۆر ستراتیژی و گرنگە، هاریكار دەبێت لە زیادكردنی بەرهەمهێنانی كارەبا تاوەكوو دیسان بۆ ئاسانكردنی سەرخستنی پرۆژەی كارەبای 24 كاتژمێری ئەویش دیسان بكەوێتە كار.
ئێمە پێمان خۆش بوو بتوانین زیاتر لەوەش هاریكاریی حكومەتی فیدرال بكەین، بەڵام ئێمە پێمان باشە حكومەتی فیدرالیش زیاتر هاریكاریی ئێمە بكات تا ئێمە دەستی هاریكاری بگەینینە هەم ئەو جێیانەی كە بڕاون لە هەرێمی كوردستان و شارەكانی دیكەش كە لە ئێمە نزیكن و لە داهاتوو بەڵكوو بتوانین زیاتر هاریكاریی حكومەتی فیدرالیش بكەین.
حكومەت بەرنامەی دیكەشی هەیە، لە پاشەڕۆژدا سوود لە وزەی خۆر وەربگرێت، وەزارەتی كارەبا بەرنامەی هەبووە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان خۆیان بتوانن وزەی خۆر بەكار بهێنن و لە ڕێگەی بانكەكانەوە قەرز بدەینە هاووڵاتیان، پاشان لەگەڵ حكومەت بگەنە رێككەوتن و میكانیزمێك بەكار بهێنن بۆ ئەوەی ئەویش بكەوێتە خزمەتی هاووڵاتیان.
هەرچەندە پێش ئێستاش زەحمەتییەكی زۆر، ئاستەنگی زۆر، رێگرییەكی زۆر بۆ ئێمە هاتووەتە پێش تاوەكوو نەهێڵن ئەم پرۆژانە سەربكەون، بەڵام سوپاس بۆ خوا بە ماندووبوونی ئێوە هەموان، ئێمە توانین ئەم پرۆژانە جێبەجێ بكەین و ئەو خەونەی كە زۆر هەیانە، بكەینە ڕاستی. لێرە جێی خۆیەتی من سوپاسی وەزارەتی كارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتیەكان و جەنابی وەزیر و هەموو ستافی وەزارەت بكەم كە بەڕاستی ئەوانیش زەحمەتیەكی زۆریان كێشا بۆ ئەوەی ئەم پرۆژەیەیان كرد بەڕاستی. سوپاسی تیمی رووناكیش بكەم كە ئەوانیش بەردەوام بوون بۆ سەرخستنی پرۆژەی رووناكی.
ئەم پرۆژانە بەردەوام دەبن، هیوای من ئەوەیە كە ئێمە بتوانین زیاتر خزمەتی خەڵكی كوردستان بكەین، جارێكی دیكە دەستخۆشیی لە كاك شێخ باز، كاك ئەحمەد ئیسماعیل، كاك كەمال و هەموو برادەران، هەموو خوشكان و هەموو ئەو بەڵێندەرانەی كە بەردەوام بوون و بەشدار بوون لە سەرخستنی ئەم پرۆژانە بكەم، هیوادارم هەر سەركەوتوو بن و تەندروست بن. داخوازیی من لە هاووڵاتیان جارێكی دیكەش ئەوەیە كە ژینگەی خۆیان بپارێزن، ئەم پرۆژەیە بەشێكە لە پاككردنەوەی هەوای كوردستان، بەڵام ئێوە دەتوانن گەلێك زیاتریش هاریكاریی ئێمەش بكەن لە چەندین رووەوە، كارەبا بێ هۆكار بەفیڕۆ مەدەن و ژینگە بە هەر جۆرێك كە دەتوانن بپارێزن، ئێمەش دەتوانین زیاتر خزمەتی ئێوە بكەین.
جارێكی تر هیوای تەندروستیەكی باش بۆ ئێوە هەموان دەخوازم، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان دەبێت.


وەڵام بدەوه