ئەمڕۆ شەممە 20ـی 9ـی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پارکی سەرهەڵدانی لە دهۆک کردەوە و رایگەیاند: "رۆژی خۆشتر لەبەر دەممانە و کاری باشتر دەکەین."
دەقی وتاری بەرێز مەسرور بارزانی:
بە ناوی خوای گەورە و دلۆڤان
هێزی ئێمە لە باوەڕیی ئێمەیە بە خوای گەورە بۆ پشتیوانیكردنی پێشمەرگەی قارەمان و خەڵكی خۆڕاگری كوردستان من بەخێرهاتنێكی گەرمی هەموو ئامادەبوانی هێژا دەكەم و زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوە لێرە لەم بۆنەیە بەشدارم لە كردنەوەی پاركی (سەرهەڵدان) كە پێش ساڵێك لێرە بەردی بناغەی داندراوە لە گەڕەكی بەرۆشكێ كە پێش چەند ساڵێك هاتم و سەردانی ئێرەم كرد، بە حەقیقەت من هەستم بەوە كرد كە وەكوو پێویست كاری خزمەتگوزاری بۆ ئەم بەشەی شاری دهۆك نەكراوە، رەنگە خەڵكی ئەم گەڕەكە لە رووی توانای داراییەوە وەكوو پێویست دەوڵەمەند نەبن، بەڵام ئەوەی من بینیم و لەگەڵی قسەم كرد، بە حەقیقەت بینیم كە خەڵكێكی زۆر دەوڵەمەند نیشتەجێی ئێرەن، دەوڵەمەند بە بیروباوەڕی خۆیان، دەوڵەمەند بە نیشتمانپەروەریی و خزمەتی خۆیان. زۆر ماڵی شەهیدان و پێشمەرگەی قارەمان لێرەن كە شایانی ئەوەن هەموو خزمەتگوزارییەكیان بۆ ئەنجام بدرێت، بۆیە كاتێك داوای كردنەوەی ئەم پاركە كرا، ئێمە بە دڵ و گیان حەزمان كرد ئەم پاركەیان بۆ دروست بكرێت.
جێی دەستخۆشییە كە كۆمپانیای جێبەجێكار لە ماوەی ساڵێكدا ئەم پاركەی دروست كرد و بە شێوەیەكی زۆر جوان ئەمڕۆ ئێمە دەبینین ئامادەیە بۆ پێشوازیكردن لە خەڵكی دهۆك.
پێش ئێستا ئێرە شوێنی پیشەوەران بوو، پیشەسازیی ئۆتۆمبێل بوو و گەلێك خەڵك لێرە كاریان دەكرد، بەڵام جێی كاری ئەوان گونجاو نەبوو بۆ ئەو كارەی تێیدا دەكەن، بۆیە بڕیار درا كە شوێنێكی دیكەی پیشەسازی ئامادە بكرێ و بە خۆشحاڵییەوە ئێستا ئەو پیشەوەرانە لە شوێنی نوێی خۆیان لە كارەكانیان بەردەوامن و ئەم پاركەش لێرە ئامادەكراوە بۆ خەڵكی، بە تایبەتیش لەم بەشەی شاری دهۆك كە گەلێك خزمەتگوزاریی تێدا ئامادە كراوە، لە رووی تەندروستییەوە باوەڕم وایە كە خەڵكێك سوودی لێ دەبینن، لە رووی وەرزشییەوە شوێن دەستنیشان كراوە كە تەنانەت بۆ منداڵان هەندێك شوێن ئامادە كراوە و دەتوانن كاتی خۆیان لێی بەسەر ببەن.
هیوای من ئەوەیە كە ئێوە كاتێكی خۆشتان لەم پاركە و شوێنی دیكە هەبێت، ئەمە یەكێكە لەو پرۆژانەی كە بەردەوامین لە ئەنجامدانیان، هەروەك پێشتریش من باسم كرد لە ئالووكا پاركێكی دیكەش كاری تێدا دەكرێت، دیسان ئەو پاركەش تەواو بكرێت و دەكەوێتە خزمەتی خەڵكی دهۆكی رەنگین.
جێی دڵخۆشییە كە ئێمە دەبینین ئەنجامی پرۆژەكان دەردەكەوێت و خەڵك سوودی لێ دەبینن، هیچ منەتێكی تێدا نییە، ئەمە ئەركی ئێمەیە و پێویستە ئێمە خزمەتی خەڵكی خۆمان بكەین. هیوادارم خەڵكی ئێمەش، قارەمانانی ئەم میللەتە، خەڵكێكی خۆڕاگرە بەرامبەر ئەو هەموو ئاڵنگاری و ئەو هەموو نەهامەتییەی كە رووبەڕووی ئەم میللەتە بووەتەوە، راوەستاون و بەردەوام بوون لە خۆڕاگری، رۆژی خۆشترمان لەپێشە و ئینشائەڵا گەلێك پرۆژەی باشتریش ئەنجام دەدرێن لە شاری دهۆك و هەموو شارەكانی كوردستان و دەكەونە خزمەتی هاووڵاتیان.
بابەتێك هەیە كە دەمەوێ ئاماژەی پێ بدەم، لەم دوو رۆژەدا كە لێرەم، من چووم سەردانی هەندێك جێی دیكەشم كرد، چوومە لای سوارەتووكا و زاوێتە و سەرسەنگ و ئامێدی و شێخان و شاریا و بەنداوی دهۆكیش، وڵاتی ئێمە وڵاتێكی زۆر خۆشە، جێی گەشتیاریی خۆشی تێدایە، بەڵام خاڵێكی جێی پێویستییە لەسەری راوەستین، ئەویش ژینگەپارێزییە. بەداخەوە من بینیم زۆر پاشماوە و زبڵ لەسەر رۆخی شەقامەكان فڕێ دراون كە ئەمە لەگەڵ كلتووری ئێمە ناگونجێت، هیوای من ئەوەیە لە خەڵكی كوردستان، ژینگەی خۆ بپارێزن، وڵاتی خۆتان بپارێزن، وڵاتی ئێمە ماڵی گەورەی ئێمەیە و پاراستنی ئەو وڵاتە ئەركی ئێمە هەموانە. داوای من ئەوەیە ئەو گەشتیارانەشی كە سەردانی ئێرە دەكەن، دیسان رێنماییان بۆ دەربكرێت كە پێویستە كەشوهەوای كوردستان، ژینگەی كوردستان بپارێزن. من داوا دەكەم و دەڵێمە بەرپرسی ئەم بوارەی ئێمە، پێویستە بۆ هەر كەسێك كە ژینگەی كوردستان پیس دەكات، ئێوە ڕێوشوێنتان هەبێت و سزای بۆ دیاری بكەن، چونكە بەڕاستی جێی قەبووڵكردن نییە ئەم وڵاتە پیرۆزە كە بست بە بستی ئەم خاكەی خوێنی شەهیدانمانی لێ رژاوە، پیس بكرێت. هیوای من ئەوەیە لە خوشك و برایانی خۆشەویست لە شاری دهۆك و لە هەموو كوردستان، ژینگەی خۆتان بپارێزن، تاوەكوو ئێمەش زیاتر بتوانین خزمەتی ئێوە بكەین، نەك بەم پاركە، چەندین پارك و شوێنی دیكەی گەشتیاری ئاوا بكەین و ئەم پرۆژانە جێبەجێ بكەین.
جارێكی دیكە هیوای سەركەوتن بۆ ئێوە دەخوازم، هیوادارم كاتێكی خۆشتان هەبێت، پیرۆز بێت پاركی سەرهەڵدان لە تاخی بەرۆشكێ و لە هەموو خەڵكی دهۆك و هەموو خەڵكی كوردستان پیرۆز بێت، ئێوە شایانی زۆر زیاترن و ئەگەر خوا پشتیوان بێت، ئەوەی ئێمە پێمان بكرێت لە خزمەتكردنی ئێوەدا بەردەوام دەبین، هەر ساخ و سەلامەت بن، كوردستانمان هەر ئاوەدان بێت.
وەڵام بدەوه