Kurdistan Press - سکاڵا دژى وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق تۆمار دەکرێت سکاڵا دژى وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق تۆمار دەکرێت | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

سکاڵا دژى وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق تۆمار دەکرێت

دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، لەبارەی كێشەی زانكۆكانی ناوچە كوردستانییەكان كە تا ئێستەیش پرسیاری تاقیكردنەوەكان بە زمانی عەرەبییە و ناكرێ‌ بە كوردی، هەڵوێستی خۆیان راگەیاند و دەڵێن، پەنا بۆ دادگای فیدراڵی دەبەن.

لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، دوای دەرچوونی نووسراوی ژمارە (٨٢٩٨) لە (١٦-٧-٢٠٢٥)ی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق كە ڕێگریی دەكات لە وەڵامدانەوەی خوێندكاران و قوتابیان بە زمانی كوردی لە تاقیكردنەوەكان، ئەوكات و دوای هەوڵەكان، وەها ڕاگەیەنرا كە كێشەكە چارەسەر كراوە، بەڵام ئەو كێشەیە پێشێلكارییەكی ڕوونی مادەی چواری دەستووری عێراقە، هێشتا چارەسەر نەكراوە و ڕێگرییەكان وەك خۆیان ماون، بەتایبەتی بۆ خوێندكارانی بەشی یاسا و ئەو وانانەی كە تاقیكردنەوەی وەزارین.

"ئێمە لە دەستەی ناوچە كوردستانییەكان، بەردەوام لە هەوڵداین بۆ ئەوەی مادەی چواری دەستوور و كێشەی قوتابیانمان چارەسەر بكرێت، ئاریشەكانی بەردەم زمانی كوردی وەك دووەم گەورەترین زمانی بەكارهاتوو لاببرێن". دەستەكە وای نووسیوە.

هەروەها داواكارن كاربەدەستەكانی بەغدا هەوڵەكانیان چڕ بكەنەوە، بۆ ئەوەی دەرفەت بدرێت خوێندكاران بە زمانی شیرینی دایك وەڵام بدەنەوە و وەرگێڕی پێویستیش بۆ ڕوونكردنەوەوی وانەكان دابین بكرێت.

ئاماژەیان بۆ ئەوەیش كردووە كە لە كاتی دەرچوونی بڕیارەكەدا، وەك دەستەی ناوچە كوردستانییەكان ڕامان گەیاند، بڕیار پێویستە بەبڕیار هەڵبوەشێتەوە نەك بە گفتوگۆی زارەكی، عێراق و دەستوورەكەی موڵكی گەلانی عێراقە و لەم چوارچێوەیەشدا مافی ڕەوای خەڵكی كوردستانە شەڕی زەوتكردنی مافە دەستوورییەكانی لە چوارچێوەی یاسا بەركارەكاندا ئەنجام بدات، بێگومان لە بەردەوامیی ئەم كێشەیە و پابەند نەبوون بە مادەی چواری دەستوور و پێشێلكردنی ڕێگەی دادگای فیدراڵی دەگرینەبەر.

ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتر چەندان جار هەوڵدراوە پرسیاری تاقیكردنەوەكان لە زانكۆی كەركووك بكرێن بە كوردی، بەڵام گوێیان پێنەداوە و قوتابیانی كورد ناچار كراون بە عەرەبی وەڵام بدەنەوە، جیا لەوەیش هیچ وەرگێڕێك بۆ پرسیارەكان نییە. 

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه