لە قۆناغێکی نوێدا 35 هەزار پارچەزەویی دیكە بەسەر هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەكانی ناوخۆ دابەش دەکرێت
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی پرۆسەی دابەشکردنی زەویدا، ڕەزامەندیی لەسەر قۆناغێکی نوێی تەرخانکردنی زەوی بۆ هێزە ئەمنییەکان دا.
لە چوارچێوەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە قۆناغێكی نوێدا، ڕەزامەندیی بۆ پێدانی زیاتر لە 15 هەزار پارچەزەوی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و خانەنشینیی پێشمەرگە داوە، ئێستاش وردبینی بۆ ناوی 20 هەزار لە فەرمانبەران و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆ کراوە، بڕیاریشە بەمزوانە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، فەرمانی تەرخانكردنی زەوییان بۆ دەربکات.
هاوکات لە پرۆسەی وردبینیدا، هەر فەرمانبەرێکی سوودمەندبوو لە پرۆسەكەدا، مافی وەرگرتنی زەویی نابێت، ئەمەش بە مەبەستی دڵنیابوون لە دادپەروەریی دابەشکردندا.
پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینانی شارستانی و سەربازی بەردەوامە، وردبینیی بۆ ناوی سەرجەم فەرمانبەران، خانەنشینان و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان تەواو کراون، تا ئێستاش نزیكەی 200 هەزار پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بوون، پرۆسەكە بەردەوام دەبێت و بە تێکڕاش نزیکەی 480 هەزار پارچەزەوی بەسەر تەواوی فەرمانبەراندا دابەش دەکرێت.
وەڵام بدەوه