لە سەر فەرمانی رێزدار جەنابی سەرۆک وەزیران کاک مەسرور بارزانی، بە مەبەستی بەدواداچوونی لێکەوتەکانی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی هەڵەبجە کە لە دوای نیوەڕۆی یەک شەممە ١٧ی ئابی ٢٠٢٥ دروست بووە و تا ئێستا بۆتە هۆی گیان لەدەستدانی هاووڵاتییەکی خۆبەخش و کارمەندێکی پۆلیسی دارستان و زیانێکی زۆر بە سروشت و ژینگەی دەڤەرەکە، بەرێز وەزیری ناوخۆ رێبەر ئەحمەد پەیوەندی کرد بە پارێزگاری هەڵەبجە خاتوو نوخشە ناسح و بەرێوەبەری بەرگری شارستانی هەڵەبجە عمید عابدین عبدالرحمان محمد، و سڵاو و خەمباری جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی پێگەیاندن و سەرەخۆشی لە خانەوادەی ئەو دوو ئازیزەمان کرد.
ئامادەیی هەموو دامەزراوەکانی حکومەت و وەزارەتی ناوخۆی پیشاندا بۆ بەدەنگەوەچوونی هەڵەبجە و تیمەکانی وەزارەتی ناوخۆی راسپارد کە کاری پێویست بکەن بۆ کوژاندنەوە و کەمکردنەوەی زیانەکان و کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە.
دەستخۆشی لە بەرێوەبەر و ئەفسەر و کارمەندانی بەرگری شارستانی و پۆلیسی دارستان و تەواوی هێزەکانی دیکەی وەزارەتی ناوخۆ و خۆبەخشان کرد کە دوو رۆژە هەموو هەوڵێکیان بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە داوە.
راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شاستانی هەرێمی کوردستان
١٨ی ئابی ٢٠٢٥
وەڵام بدەوه