ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بڕیارێك بۆ ئەو فەرمانبەرانە دەردەكات كە وەكوو كارمەندی هەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمانی عێراق بەشداریی دەكەن، بەرپرسێكی كۆمسیۆنیش جەخت دەكاتەوە، بڕیارێكی باشە.
بەپێی نووسراوێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، هەموو وەزارەت و فەرمانگەكانی ئاگادار كردووەتەوە، بۆ هاوكاریكردنی ئەو فەرمانبەرانەی دەبنە كارمەندی بنكە و وێستگەكانی دەنگدان. لە نووسراوەكەدا هاتووە: "سەبارەت بەو فەرمانبەرانەی لە پڕۆسەی بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی نوێنەرانی عێراق (2025) وەكوو كارمەند لە بنكە و وێستگەكانی دەنگدانی تایبەت و گشتی بەشدار دەبن، لە ماوەی خولی راهێنان و رۆژانی هەڵبژاردن كارئاسانییان بۆ بكرێت".
ئاماژەی بەوەش داوە، وەزارەت و فەرمانگەكان كاری پێویست بۆ ئەو فەرمانبەرانە بكرێت و هەموو كارئاسانییەكیان بۆ بكرێت".
لای خۆیەوە خالید عهباس، بهرپرسی ئۆفیسی دهۆكی كۆمسیۆنی ههڵبژاردنی عێراق، راگەیاند: "کارمەندانی سەر سندووقی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێویستیان بە پێنج رۆژ هەیە بۆ بەشداریكردنی خول، رۆژێكیش بۆ ئامادەكاری، بەگشتی هەفتەیەكیان پێویستە و ئەوانەی فەرمانبەرن بێگومان پێویستیان بە هاوكاریی فەرمانگەكانیان دەبێت".
ئاماژەی بەوەش دا: "ئەو نووسراوەی ئەنحوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیارێكی باشە، چونكە زۆرینەی ئەوانەی دەبنە كارمەندی رۆژی هەڵبژاردن فەرمانبەرن، هەروەها پارێزگاكان و وەزارەت و فەرمانگە پەیوەندارەكانیش هاوكارمان دەبن".
ئاشكراشی كرد: "بەپێی زانیارییەكانمان، بۆ هەرێمی كوردستان زیاتر لە 40 هەزار كارمەند پێویستە".
بەپێی رێكارەكانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، جگە لە پۆلیس و سەرباز، فەرمانبەرانی حکوومەت و قوتابییانی زانکۆ و پەیمانگاکان، دەرچوانی زانکۆ، دەتوانن ببنە كارمەند.
وەڵام بدەوه