شارەزایەکی بواری کەشناسی رایگەیاند کە لەسەرەتای هەفتەی دووەمی ئەم مانگە شەپۆلێکی دیکەی گەرمای تاقەتپڕۆکێنەر بەڕێوەیە کە هاوشێوەی شەپۆلی گەرمای هەفتەی ڕابردووە و ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باشووری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما دەگاتە نیوەی کوڵان.
ئەمشەو دووشەممە 4/8/2025، هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی بڵاوی کردەوە: "لە کۆتایی ئەم هەفتەیە پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی تەدریجی بەرز دەبێتەوە 2 بۆ 3 پلەی سیلیزی، لەسەرەتای هەفتەی داهاتوو بە دیاریکراوی لە ڕۆژی شەممە 9/8/2025، بەهۆی زاڵبوونی بەرزە پەستانێک لە بەشی سەرەوەی بەرگەهەوا و هاتنی بارستە هەوایەکی زۆر گەرم و شێدار لە ناوچەکانی باکووری نیمچە دوورگەی عەرەبی بۆ بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست، میسر، شام، هەرێمی کوردستان، عێراق، تورکیا و قوبڕس، شەپۆلێکی دیکەی گەرمای بەهێز و تاقەت پڕوکێنەر تەواوی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەگرێتەوە."
روونیشی کردووەتەوە: "لەم شەپۆلەدا پلەکانی گەرما لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان 8 پلەی سیلیزی بەرزدەبێتەوه و لە ناوچە دەشتاییەکانی هەولێر، موسڵ، کەرکووک و ناوچەکانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان پلەکانی گەرما لە هەندێ ڕۆژ پێشبینی دەکرێت بگاتە 49 بۆ 51 پلەی سیلزی و چەقی گەرماکە (گوومەزی گەرما)ی پێ دەگوترێت و دەکەوێتە ڕۆژانی 10، 11، 12، 13، 14 و 15ی مانگ، کە کەشێکی ئێجگار گەرم و پڕوکێنەر دروست دەبێت لە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، لە ناوچەکانی بادینان، سەنتەری دهۆک، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و سۆران پلەکانی گەرما لەنێوان 45 بۆ 48 پلەی سیلیزی دەبێت و لە هەندێ ڕۆژی شەپۆلی گەرماکە، لە ناوچەکانی سەنتەری پارێزگای سلێمانی، پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین پلەکانی گەرما لەنێوان 45 بۆ 46 پلەی سیلیزی دەبێت، لە ناوچەکانی باشووری ناوەڕاستی عێراقیش پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما لەنێوان 51 بۆ 52 پلەی سیلێزی بێت."
ئاماژەشی بەوە داوە: "کاریگەری ئەم شەپۆلی گەرمایە بۆ ماوەی یەک هەفتە بەردەوام دەبێت تا 15/8/2025، لەو ڕێکەوتە بەدواوە پلەکانی گەرما کەمێک دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت."
جەختیشی کردووەتەوە: "بەهۆی بوونی شێ ڕێژەیی لەهەوادا بەرزی تیشکی سەرووی وەنەوشەیی لەکاتەکانی پێش نیوەڕۆ کاتژمێر 11 بۆ کاتژمێر 4ی ئێوارە لە ماڵ مەچنە دەرەوە گەرماکەی بەهێز دەبێت، لە کاتی چوونەدەرەوەش چاویلکە و چەتر بەکاربهێنن بۆ خۆپاراستنتان لە کاریگەری ڕاستەوخۆی تیشکی سەروویی وەنەوشەیی، شلەمەنی زۆر بەکاربهێنن بەتایبەت ئاو، هەروەها دەبەی ئاو و چەرخی جگەرە بەهیچ جۆرێک لەناو ئۆتۆمبێل بەجێ مەهێڵن مەترسی لەسەر ئۆتۆمبێلەکانتان دروست دەکات."
وەڵام بدەوه