Kurdistan Press - پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە

پەیامی سەرۆك بارزانی لە یازدەهەمین ساڵیادی كارەساتی شنگال

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

ئەو تاوانەی تیرۆریستانی داعش یازدە ساڵ بەر لە ئێستا لە دژی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان ئەنجامیان دا تاوانێك بوو هەموو سنوورەكانی نامەردی و دڕندەیی تێپەڕاندبوو، ئەمە ئازارێكە هەرگیز لە یادمان ناچێت.  قەدەری گەلی كورد ئەوە بووە كە هەمیشە دوژمنی دڵڕەق و بێویژدانی هەبووە و كارەسات لەدوای كارەسات بەرۆكی گەلی كوردستانی گرتووە. ئەوەی لەدژی خوشك و برایانی ئێزیدی ڕووی دا درێژكراوەی ئەو زنجیرە كارەساتانەیە كە لەدژی گەلی كوردستان ئەنجام دراون. لای هەموو كەسێك ڕوونە ئێزیدییەكان بە هۆی كوردبوون و بیروباوەڕی ئایینیانەوە كەوتنە بەر شاڵاوی ڕق و بێویژدانیی تاوانبارانی داعش و جینۆساید كران.

لەدوای ڕوودانی ئەو كارەساتە لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش، گەلی كوردستان و پێشمەرگە بە دڵ و بە گیان لەگەڵ خوشك و براكانیان بوون و ئەوەی لەدەستیان هات بۆ ڕزگاركردنی ئاوارەكان و ئازادكردنی شنگال و چیای شنگال ئەنجامیان دا. لێرەدا ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هەموو ئەو قارەمانانە بەرز دەنرخێنین كە مێژووییەكی پڕشنگداریان تۆمار كرد و بۆ ئازادكردنی چیای شنگال و شنگال خوێنیان بەخشی و تۆڵەیان لە تیرۆریستانی داعش كردەوە و سەری تیرۆریستانیان خستە ژێر پێی ئێزیدییەكان. هەروەها زۆر سوپاسی هێزەكانی هاوپەیمانان دەكەین كە لە یارمەتیدانی پێشمەرگە و تێكشكاندنی داعش ڕۆڵێكی بەرچاویان بینی.

لە یازدەهەمین ساڵیادی كارەساتی شنگالدا سڵاو بۆ گیانی شەهیدان و قوربانیانی ئەو تاوانە و هەموو ئەو تاوان و كۆمەڵكوژیانە دەنێرین كە بەسەر گەلی كوردستاندا هاتوون. پێویستە دەوڵەتی عێراق قەرەبووی قوربانیانی كارەساتی شنگال و هەموو ئەو جینۆسایدانە بكات كە دەرهەق گەلی كوردستان ئەنجام دراون. دەبێ كۆتایی بەو هزر و ڕەفتارە شۆڤینیانە بێت كە هەرجار و بە بیانوویەك و بە عەقلیەتێكی نامرۆڤانە و نكۆلیكار ئازاری گەلی كوردستان دەدەن.

مسعود بارزانی

3ی ئابی 2025

 

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه