کارەبای ئەم شارە دەکرێتە 24 کاتژمێری. جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، كە لە سێ مانگی داهاتوودا، پڕۆژەی ڕووناكی دەگاتە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و جەختیش لەوە دەكاتەوە، كە تا كۆتایی ساڵی 2026، كارەبای 24 كاتژمێری هەموو كوردستان دەگرێتەوە.
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (ئێكس) بڵاوی كردەوە، كە "ئیدارەی سۆران لە ماوەی کەمتر لە سێ مانگی داهاتوودا دەبێتە بەشێک لە پڕۆژەی ڕووناکی، کە پڕۆژەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری."
هەروەها نووسیویەتی: "ئێستا هاووڵاتییانمان لە سەنتەری شارەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک، یەکەم هاوینیان بەبێ پچڕانی کارەبا بەڕێ دەکەن، ئەمەش %40ـی تەواوی هاووڵاتییانی کوردستانە. لە ماوەیەکی نزیکیشدا دەگاتە سۆران."
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەش داوە، كە "تەواوی ماڵان و شوێنە بازرگانییەکان تا کۆتایی ساڵی 2026 دەستیان دەگاتە کارەبای 24 کاتژمێری."
وەڵام بدەوه