مەریوان حاكم هادی: بڕیاری سەرۆكی حكوومەتە هەموو فەرمانبەرێک پارچەیەک زەوی وەردەگرێت
"فەرمانبەرانی سنووری مادەی 140یش هاوشێوەی فەرمانبەرانی كوردستان زەوی وەردەگرن"
"هەفتەی داهاتوو تیروپشک بۆ ناوی فەرمانبەرانی سنووری یەک یان دوو شارەوانی دیكەیش دەكرێت"
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر ئاشكرای كرد، بۆ وەرگرتنی پارچەزەوی، هەفتەی داهاتوو تیروپشک بۆ ناوی فەرمانبەرانی سنووری شارەوانیی كەروگۆسک و دوو شارەوانی دیكەش دەكرێت، دووپاتیشی كردەوە، كە "بڕیاری سەرۆكی حكوومەت زۆر ڕوونە، هەموو فەرمانبەرێک پارچەیەک زەوی وەردەگرێت، بۆیە با هیچ فەرمانبەرێک تووشی دڵەڕاوكێ نەبێت، چونكە هیچ فەرمانبەرێک نامێنێت زەوی وەرنەگرێت."
مەریوان حاكم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر، لەبارەی تیروپشک بۆ زەوییەكانی فەرمانبەران ڕایگەیاند: "هەر شارەوانییەک كاروبارەكانی پڕۆسەی دابەشكردنی زەوی تەواو ببێت، ڕۆژێک یان دوو ڕۆژ دواتر تیروپشک بۆ ناوی ئەو فەرمانبەرانە دەكرێت، كە دەكەونە سنووری ئەو شارەوانییە."
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر ئاشكرای كرد، كە ڕۆژی یەكشەممە تیروپشک بۆ ناوی فەرمانبەرانی سنووری شارەوانیی ناحیەی كەورگۆسک ئەنجام دەدەن، گوتیشی: "جگە لە شارەوانیی كەروگۆسک، هەفتەی داهاتوو تیروپشک بۆ ناوی فەرمانبەرانی سنووری یەک دوو شارەوانی دەكرێت یان دوو سەرۆكایەتیی شارەوانی دیكەش ئەنجام دەدرێت."
"فەرمانبەرانی سنووری مادەی 140یش هاوشێوەی فەرمانبەرانی كوردستان زەوی وەردەگرن"
لەبارەی دابەشكردنی پارچەزەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی كە لە سنووری مادەی 140ی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانن، ڕایگەیاند: "ئەوە بڕیاری سەرۆكی حكوومەتە ئەو فەرمانبەرانەی كە لە سنووری مادەی 140ن، هاوشێوەی فەرمانبەرانی كوردستان پێویستە زەوییان پێ بدرێت، بەڵام لەم قۆناغەدا تەنیا وردبینی فۆڕمەكان دەكرێت، دواتر بە دڵنیایەوە فەرمانبەرانی سنووری مادەی 140یش دەبنە خاوەنی زەوی خۆیان."
سەبارەت بە دابەشكردنی كارتی زەوییەكانیشەوە، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر ڕایگەیاند: "دوای تەوابوونی پڕۆسەی دابەشكردن، بۆ هەموان ڕایدەگەیەنین، كە دەبێت بێن فۆڕمی سوودمەندبوون پڕ بكەنەوە و پاش ئەوەی دڵنیا بووینەوە كە ئەو فەرمانبەرە سوودمەند نەبووە، ڕاستەوخۆ كارتی زەوی پێ دەدەین."
مەریوان حاكم هادی، لەبارەی دەنگۆی گۆڕینی ناو و نەخشەكانەوە، ڕایگەیاند: "فەرمانبەران دڵنیا دەكەینەوە، كە هیچ گۆڕانكارییەک لە ناوەكان و نەخشەكاندا ناكرێت و زەوی زۆر شیاو بۆ فەرمانبەران دیاری كراوە، بۆ ئەوەی ببێتە شوێنی نیشتەجێبوون."
دووپاتیشی كردەوە، كە "هەر فەرمانبەرێک سوودمەند بووبێت، زەوی وەرناگرێت."
جەختی لەوەش كردەوە، كە "بڕیاری سەرۆكی حكوومەت زۆر ڕوونە، هەموو فەرمانبەرێک پارچەیەک زەوی وەردەگرێت، بۆیە با هیچ فەرمانبەرێک تووشی دڵەڕاوكێ نەبێت، چونكە هیچ فەرمانبەرێک نامێنێت زەوی وەرنەگرێت."
وەڵام بدەوه