بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆببێتەوە و تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكەش باسكردنە لە مووچەی مانگەكانی شەش و حەوتی مووچەخۆران و ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتی و پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم.
شاندی باڵای عێراق بۆ بەدواداچوونی پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم و چاككردنەوەی كێڵگە نەوتییەكان ئەم هەفتەیە ڕاپۆرتی خۆی تەواو دەكات و دەیخاتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەبارەوە دەدات و دواتر مووچەی مانگی شەش بەپێی مەرجەكانی عێراق، كە “هەناردەی بڕێك نەوت و ڕادەستكردنی 120 ملیاری ناوخۆیە” بڕیاری لێ دەدرێت.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، هەفتەی داهاتوو گفتوگۆ لەسەر مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێم دەستپێدەکات و ڕەنگە دابەشکردنی مووچەی مانگی حەوتی بکەوێتە مانگی ئەیلول (9)وە.
یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی بەغدا بۆ ناردنی مووچەی مانگی شەش، بریتییە لەوەی دەبێت هەرێم 120 ملیاری دیکە ڕادەست بکات لە داهاتی ناوخۆ و سەرچاوەیەکیش لە داهاتی سلێمانی ڕایگەیاندووە، ئەوان 48 ملیار دیناریان لە داهاتی ناوخۆ ئامادەیە و چاوەڕوانی هەولێرن تا ڕادەستی بکەن، بە هەمان شێوە هەولێریش ئامادەییان دەربڕیوە و دەڵێن 120 ملیار دینارەکە ئامادەیە بۆ ئەوەی ڕادەستی بەغدای بکەن.
بە گوێرەی زانیارییەکان، دوای ڕادەستکردنی 120 ملیاری دووەم و کۆبوونەوەی سێشەممەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر ئەو ڕاپۆرتەی ئامادەکراوە بڕیار لە خەرجکردنی مووچەی مانگی شەش دەدرێت و کاتی دابەشکردنەکەشی دەکەوێتە مانگی ئاب (8)ەوە.
وەڵام بدەوه