نزیکەی یەک ملیۆن هاونیشتمانی تاوەکو ئەمڕۆ فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراکیان پڕنەکردووەتەوە. بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر دەڵێت، ئەوانە زۆرینەیان لە دەرەوەی وڵاتن یان گیانیان لەدەستداوە.
لەدووی حوزەیرانی 2025ـەوە پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک دەستیپێکرد و بڕیارە یەکی ئاب دوایین رۆژ بێت. سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراکی هەولێر، ئەمڕۆ یەكشەممە راگەیاند: "هیچ بڕیارێک بۆ درێژکردنەوەی کاتەکە نییە". بەگوێرەی نوێترین ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکانی پسوولەی خۆراک بۆ رووداو، لە سلێمانی نزیکەی 500 هەزار کەس، لە هەولێر زیاتر لە 400 هەزار کەس، لە دهۆک نزیکەی 300 هەزار کەس و لە هەڵەبجەش نزیکەی 20 هەزار کەس تاوەکو ئەمڕۆ فۆرمەکەیان پڕ نەکردووەتەوە.
بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر گوتی: "زۆرینەی ئەوانەی فۆرمەکەیان پڕنەکردووەتەوە لە دەرەوەی وڵاتن، یان گیانیان لەدەستداوە".
لەبارەی ئەوانەی لە هەرێمی کوردستانن تاوەکو ئەمڕۆ فۆرمەکەیان پڕنەکردووەتەوە، سیامەند نانەکەلی گوتی: "چوار رۆژ کات ماوە، دوای ئەوە هەرکەس ناوی تۆمار نەبێت بەشەخۆراکەکەی رادەگیرێت".
زیاتر لە دوو ساڵە گواستنەوەی فۆرم، فۆرمی خێزانی نوێ و تۆمارکردنی ناوی منداڵی تازە لەدایکبوو بۆ بەشەخۆراک راگیراوە. بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، دوای تەواو بوونی تۆمارکردنی ئەلیکترۆنی هەموو مامەڵەکانی دیکەی پەیوەست بە بەشەخۆراک دەکرێتەوە، "کە پێدەچێت مانگی 9 یا ن10 بێت".
سیامەند نانەکەلی لەبارەی ئەوانەی تاوەکو 01ـی ئاب فۆرم پڕناکەنەوە گوتی: "دوای ئەوەی بەشەخۆراکەکەیان راگیرا، لە مانگەکانی کۆتایی ئەمساڵ دەتوانن جارێکی دیکە لە رێگەی خزمەتگوزاری ئەپلیکەیشنی فۆرمی خۆراکەوە خۆیان تۆمار بکەنەوە و بەشە خۆراکەکەیان دەگەڕێتەوە"
مانگانە لە رێگەی فۆرمی خۆراکەوە لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس، لە پارێزگای هەولێر ملیۆنێک و 984 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس بەشەخۆراک وەردەگرن.
وەڵام بدەوه