دوای گەیشتن و دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار، رێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و وەکو یەکەم هەنگاو، حکومەتی هەرێم پارەی داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا دەنێرێت.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەزارەتی دارایی هۆشداری بۆ تەواوی بانکەکانی هەرێمی کوردستان ناردووە کە داهاتی ناوخۆ ڕادەستی وەزارەت بکەنەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی رێکارەکانی ناردنی داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەکرد، چاوەڕوان دەکرێت پێش کۆتاییهاتنی ئەم هەفتەیە بڕی 120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ کۆ بکرێتەوە و بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق.
بەپێی زانیارییەکان، بری 70 ملیار دینار لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و بڕی 50 ملیار دینار لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە کۆ دەکرێتەوە و بە تێکرا، 120 ملیار دینار ڕادەستی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ دەکرێت.
هەفتەی ڕابردوو شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێم لە بەغدا بوون، بە مەبەستی ڕادەستکردنی لیستی مووچەی مانگی 6 مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەفتەیە وردبینی لە لیستەکە دەستپێبکات.
ڕادەستکردنی ئەم پارەیە لە چوارچێوەی دواین رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدایە، کە پێی رێککەوتنەکە مانگانە بڕی 120 ملیار دینار و رۆژانە 81 هەزار بەرمیل ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت.
وەڵام بدەوه