Kurdistan Press - ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ئاشکراکرا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ئاشکراکرا | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ئاشکراکرا

ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی تەممووزی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

تەوەری سەرەکی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی جێبەجێکردنی دوا ڕێککەوتن و لەیەکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، کە حەفتەی ڕابردوو لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەردوولا پەسەند کراوە و تایبەتە بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم و هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتیی نانەوتی و میکانیزم و ڕێکاری تایبەت بە هەنگاوەکانی هاتوو لە ڕێککەوتننامەکە لەلایەن وەزارەت ولایەنە پەیوەندیدارەکان و لیژنە هاوبەشەکانی هەردوولا.

ئەنجومەنی وەزیران، دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردووە. سەبارەت بە بەشی گەنجینەی فیدڕاڵ لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی وئابووری هەرێمی کوردستان بڕی 120 ملیار دیناری بە کاش خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ وەک لە ڕێککەوتنە هاوبەشەکە هاتووە، ئەمە سەرەڕای ناردنی لیستی مووچەی پەسەندکراوی هەردوو مانگی ئایار و حوزەیران و وردبینیکردنی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی دارایی و ناردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە و بەردەوامیی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵ و هەرێم لە وردبینی وەرزیی داهات و خەرجییەکان ، لەم ڕووەشەوە، هەرێمی کوردستان هەموو داهات و خەرجییەکانی، شەفافانە خستووەتە بەردەمیان.

سەبارەت بە نەوتیش، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لە ڕێگەی لیژنەیەکی هاوبەشەوە، هەموو ئاسانکارییەکی پێشکەشی لیژنەی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ و کۆمپانیای سۆمۆ کردووە لە بەردەستخستنی زانیاریی و داتاکان و سەردانی ڕاستەوخۆیان بۆ سەرجەم کێڵگە نەوتییەکان لە هەرێم، لیژنەی تەکنیکی هەردوو وەزارەت، لەسەر پڕۆتۆکۆلی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ گەیشتونەتە لەیەکگەیشتنی هاوبەش بۆ ئەو بڕە نەوتەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دێت ، چونکە بەهۆی هێرشە درۆنییە تیرۆریستی و ناڕەواکانی ئەم دواییە بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم ، بەرهەمهێنانی نەوت، بە شێوەیەکی بەرچاو لە کێڵگەکان کەمی کردووە.

ئەم ڕێکارانەش پابەندیی هەرێم بە ڕێكکەوتنەکە پشتڕاست دەکاتەوە، بۆیە دەبێت لە بەرامبەریشدا حکومەتی فیدراڵ پابەندیی خۆیی بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکات بە ناردنی دەستبەجێی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، کە تا ئێستا نەیانناردووە و مووچەخۆرانی هەرێم، سێ مانگە بێ بەشکراون لە شایستەی دارایی خۆیان، کە مافێکی دەستووریی و یاسایی خۆیانە و نابێت لەژێر هیچ بیانوویەک، ئەم مافە پێشێل بکرێت بە تایبەتیش ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانە بە زیادەوە، جێبەجێ کراوە.

ئەنجومەنی وەزیران، بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە، هەڵوێستی بەرپرسانە و خۆراگریی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنێت کە وێڕای بارودۆخی سەختی دارایی کە بوونە قوربانی بڕیارێکی ناڕەوا و نادەستووری، بەڵام تێگەیشتنی پێویستیان بۆ ئەم دۆخە ناهەموارە هەیە کە بە سەر هەرێمی کوردستان سەپێنراوە و بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتیەکی بەرزەوە، داکۆکی لە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەکەن. ئەنجومەنی وەزیران خەڵکی کوردستانیش دڵنیا دەکاتەوە کە لە پێناو دابینکردنی مووچە وشایستەکانی خەڵکـ، هیچ کات درێخی ناکات و دەستبەرداری مافەکانی خەڵکی کوردستان نابێت.

ئەنجومەنی وەزیران داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردستان دەکات، کە بە شێوەیەکی ڕاستگۆییانە و بەرپرسانە کار بکەن و نەبنە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و دوور لە تێکدان و خراپەکاری و چەواشەکاری ئەرکی خۆیان بەجێ بگەیەنن و نەبنە بڵندگۆی ئەو کەسانەی کار بۆ پشێوی و ئاشووب نانەوە دەکەن و هەمیشە پاساو و بیانوو بۆ ئەو زوڵم و ستەمە دەهێننەوە کە لە مووچەخۆران و خەڵکی کوردستان بە گشتی دەکرێت .

لە بڕگەی دووەمی کارنامەی کۆبوونەوەدا، کە میوانداریی لیژنەیەکی هاوبەش لە ( وەزارەتی پلاندانان/ دەستەی پێوانەسازیی وکۆنتڕۆڵی جۆریی) و ( وەزارەتی دارایی وئابووری/ بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگەکان) و ( وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی/ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازیی ) و ( وەزارەتی ناوخۆ) کرابوو، لیژنەکە دەقی ڕێککەوتننامەی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیان خستەڕوو سەبارەت بە دانانی میکانیزمی هاوئاهەنگیی و هاریکاریی نێوان هەردوو دامەزراوەی پێوانەسازیی و کۆنتڕۆڵی جۆری فیدڕاڵ و هەرێم لە چوارچێوەی تایبەتمەندیی و دەسەڵاتە دەستوورییەکان، بە جۆرێک لە چوارچێوەی ئەو ڕێكکەوتننامە هاوبەشە، بڕوانامەکانی پشکنینی کەلوپەل و بەرهەمەکان لە لایەن هەردوو دامەزراوەی پێوانەسازیی و کۆنتڕۆڵی جۆریی کاری پێدەکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش، ڕێکارەکانیان یەکدەخەن و دەستەی پێوانەسازیی و کۆنتڕۆڵی جۆریی هەرێمی کوردستان، لایەنی تایبەتمەند دەبێت بۆ ئەم بابەتە هاوشێوەی دەزگا هاوتاکەی لە حکومەتی فیدڕاڵ.

لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران ، وێڕای دەستخۆشیكردن لە لیژنەی هاوبەشی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ گەیشتن بەم ڕێککەوتنامەیە لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ، بە کۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی ڕێککەوتنامەکەی دا و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ ئەوەی ڕێکاریی پێویست بگرنەبەر لە چوارچێوەی دەسەڵاتە دەستووریەکانی هەرێم و یاسابەرکارەکان لە هەرێم وەک ئەوەی لە کۆنووسی هاوبەشی لیژنەکەدا هاتووە.

ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران، ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە ئاسانکاریی و یەکخستنی ڕێکارەکانی پشکنین بە جۆرێک کۆتایی بەو ئاستەنگانە دێت کە هۆکاری کێشەکانی پەکخستنی جووڵەی بازرگانی و جموجۆڵ وئاڵوگۆڕیی بەرهەم و کەلوپەل و پێداویستیەکان بوون لە نێوان هەردوولا کە ببوە مایەی گلەیی وگازندەی هاوردەکاران و بازرگانان و خاوەن پڕۆژە بەرهەمهێنەرەکان لە ناوچەکانی هەرێم و فیدڕاڵ.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه