بە گوێرەی سەرچاوەکانی ماڵپەڕی (ئەلمۆنیتەر)ی ئەمریکی، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆ بێتەوە، ئەمەش یەکەم سەردانی فەرمیی بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت.
ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاند، تۆم باراک کە لە هەمان کاتدا باڵوێزی ئەمریکایشە لە تورکیا، بڕیارە لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە. سەردانەکەی باراك لە کاتی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی ٩ی حوزەیران لەگەڵ سەرۆك وەزیران پلانی بۆ دانرابوو. هەردوولا بڕیاریان دا كە گرنگی و بەپەلەیی کێشەکانی پەیوەست بە سووریا و عێراق و ناوچەکە، پێویستی بە کۆبوونەوەیەکی رووبەڕوو هەیە.
ھەروەھا ماڵپەڕە ئەمریکییەکە بڵوی کردووەتەوە، مەسرور بارزانی لە گفتۆگۆکانی لەگەڵ باراك داکۆکیی لە مافەکانی کوردی سووریا کردووە و پێدەچێت لەمیانی کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەیان لە هەولێر گفتوگۆکان لەم بارەیەوە بەردەوام بێت.
ماڵپەڕە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەش داوە ھەر لە ھەولێر تۆم باراک بۆ یەکەم جار لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆ ببێتەوە.
وەك ماپەڕەكگە نووسیویەتی، تۆم باراک، شارەزایی و ڕەگوڕیشەی لە ناوچەکەدا هەیە، بە جۆشوخرۆشەوە ڕۆڵی خۆی وەک نێردراوی سەرۆکی ئەمریکا دەگێڕێت و بە دۆست و کەسێکی نزیکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دادەنرێت.
کار و چالاکییە دیبلۆماسییەکانی باراك تەنیا لە سووریا خۆی نابینێتەوە. لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و هەروەها جۆزێف عەون سەرۆکی لوبنان و نەواف سەلامی سەرۆک وەزیرانی لوبنان کۆ بووەتەوە. ئەم هەفتەیە لە ڕیاز بوو، لەوێ چاوی بە فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعوودیەش کەوت و رۆژی پێنجشەممەش لە دۆحە و لەوێ لەگەڵ جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی وتووێژی کرد.
ئەلمۆنیتۆر ئاماژەی بەوەش داوە هەندێك لە چاودێران دەڵێن کە تۆم باراک، هاوشێوەی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کار دەکات، وزەیەکی زیاتر لە گەشت و سەردانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەبەرهێناوە نەک لە ئەرکەکەی لە ئەنقەرە.
وەڵام بدەوه