Kurdistan Press - هەرێمی کوردستان نابێتە مایەی هەڕەشە بۆ هیچ لایەنێک هەرێمی کوردستان نابێتە مایەی هەڕەشە بۆ هیچ لایەنێک | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

هەرێمی کوردستان نابێتە مایەی هەڕەشە بۆ هیچ لایەنێک

ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەرێکی گرنگیی ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری دەبێت و نابێتە مایەی هەڕەشە بۆ هیچ لایەنێک

سەرۆک وەزیران:  لەم یەک دوو ڕۆژەی دوایی، نامەیەکمان سەبارەت بە مووچە وشایستە داراییەکانی هەرێم بۆ دادگای فیدراڵی ناردووە و هیوادارین دادگای فیدراڵی لە وەڵامی نامەکەدا بڕیارێکی ئەرێنی و لە قازانجی خەڵکی کوردستان بدات.
 
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی حوزەیرانی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە بابەتی بڕینی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا کرد و گوتی، بە هەموو شێوەیەک، لە هەوڵ و کارکردنمان بەردەوامین بۆ چارەسەکردنی ئەم کێشەیە و بۆ ئەم مەبەستەش لەم یەک دوو ڕۆژەی دوایی، نامەیەکمان بۆ دادگای فیدراڵی ناردووە سەبارەت بە نایاسایی و نادەستووریبوونی بڕیاری بڕینی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە.
سەرۆک وەزیران گوتیشی، هیوادارین دادگای فیدراڵی لە وەڵامی نامەکەدا بڕیارێکی ئەرێنی و لە قازانجی خەڵکی کوردستان بدات ، بە تایبەتیش کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و خوازیارە لە بەرامبەریشدا ، ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی بگیرێت و شایستە داراییەکانی بنێردرێت.
پاشان ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان کرد.  لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران، جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی هەرێمی کوردستان کردەوە ، کە هەمیشە دژی شەڕ و گرژی و وێرانکاری بووە و وەک هەمیشەش، فاکتەرێکی گرنگیی ئاشتی و ئارامیی وسەقامگیریی دەبێت و نابێتە مایەی هەڕەشە بۆ هیچ وڵاتێکی دراوسێ و هیچ لایەنێک.
 ئەنجومەنی وەزیران دووپاتیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان ، پشتیوانیی هەموو هەوڵێک دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان و پاراستنی ئاشتی و تەناهی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە.
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەدا ، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ ، پێشنیارێکی وەزارەتی ناوخۆی تایبەت بە لێخۆشبوون لە سزای سەرپێچیی هاتووچۆ بە ڕێژەی %20 بۆ شەش مانگی دیکە لە 7/1 تا 2025/12/31 خستەڕوو . ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پێشنیارەکەی پەسەند کرد.
لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوە، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، بابەتی دامەزراندنی دەرچووانی کۆلێژی پزیشکی گشتییان خستەڕوو. لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارەکەی پەسەند کرد و بڕیاری دامەزراندنیان لەسەر میلاکی وەزارەتی تەندروستی درا و ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی دارایی و ئابووری و تەندروستی و ئەنجومەنی گشتی ڕاژەی ڕاسپارد ڕێکاری پێویست بۆ دامەزراندنیان بگرنەبەر.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه