بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراكی هەولێر،بڵاوی کردەوە سەرەتای مانگی داهاتوو خۆتۆمارکردن لە پرۆسەی ئەلیکترۆنی پسوولەی خۆرک کۆتایی دێت.
بەڕێوەبەرایەتیی پسوولەی خۆراكی هەولێر، ڕایگەیاند: "تکایە بۆ سەرجەم بریکارەکانی ئارد و خۆراک، سەرجەم هاووڵاتیان ئاگادار بکەنەوە لە بەئەلیکتڕۆنیکردنی پسوولەی خۆراک تاوەکوو ڕێکەوتی 1/7/2025، دوا وادەیە بۆ ئەم پڕۆسەیە.
سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "ئەپڵیكەیشنی نوێکردنەوەی زانیاریی پسوولەی خۆراک کارایە و دەبێت هاووڵاتییان زانیارییەکان پڕ بکەنەوە."
ئەوەشی خستە ڕوو، هەر کەسێک کێشەی هەبوو لە ئەپڵیکەیشنەکه و نەیتوانی کارەکە بکات، سەردانیان بکەن و هەموو هاوکارییەکیان دەکەن، گوتیشی: "کارەکە زۆر ئاسانە، ئەگەر پێداویستییەکان ئامادە بێت، لە پێنج خولەکدا لە ماڵەوە لە ڕێگەی مۆبایل کارەکە دەکرێت."
سیامەند قادر نانەکەلی ئاشکراشی کرد، لە هەولێر دوو ملیۆن هاوبەشی پسوولەی خۆراک هەیه و دەبێت هەمووی زانیارییەکان تۆمار بکەن، دەشڵێت: "داوا دەکەین خەڵک بەشداریی کارای هەبێ با پسوولەکانیان بلۆک نەکرێ و بەشە خۆراکیان نەبڕدرێت، چونکە کەمبوونەوەی بڕی بەشە خۆراک دەبێتە هۆی گرانبوونی نرخی ئەو خۆراکانە و بازاڕ پەیوەستە بە خواست و خستنەڕووی ئەو خۆراکانەوە."
بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر، تاوەکوع مانگێک دەرفەت هەیە بۆ خۆتۆمارکردن، گوتیشی: "دوای تەواوبوونی ماوەی دیاریکراوی نوێکردنەوەی پسوولەی خۆراک بژاردەکانی دیكە ئەکتیڤ دەکرێن، وەک تۆمارکردنی ناو و جیاکردنەوە و گواستنەوەی پسوولە، بۆ ئەمانەش دەبێ بڕە پارەیەک بە ڤیزەکارت بدات، کە هەندێکیان بڕی 10 هەزار و هەندێکیش زیاترە و نووسراوی فەرمیمان لەسەر ئەو پرسە لەلایەن وزارەتی بازرگانیی عێراق بەدەست گەیشتووە، بۆیە داواکارین خەڵک دووچاری ئەو پارە دانە نەبن و ئەپلیکەشنەکە پڕ بکەنەوە."
ئەپڵیكەیشنی (بیتاقە تەموینی) بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان لە پارێزگای هەولێر و دهۆك و سلێمانی كارایە و پێشتریش لە پارێزگای هەڵەبجە كارا كرا
وەڵام بدەوه