فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕینی مووچەی مانگانەیانەوە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە لە دۆخێکی ناهەمواردان، دەزگای خێرخوازی بارزانی لەوباریەوە بەیاننامەیەک ئاراستەی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات و لە کۆنفرانسی مافی مرۆڤ دەخوێندرێتەوە. بڕیاری نەناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق، کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش لە کۆتا کۆبوونەوەی بڕیاریدا هەوڵە دیپلۆماسییەکانی و ڕێکارە یاسایی و دەستوورییەکان بگرێتەبەر بۆ چارەسەرکردنی ئەم کیشەیە، ئەم پرسە لەسەر ئاستی چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کاردانەوەی لێکەوتەوە.
موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی گوتی، لەسەر نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان، ئەمڕۆ بەیاننامەیەکمان ئاڕاستەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، بۆ ئەوەی هاوکار و پاڵپشتی هەرێمی کوردستان بکەن.
ئەو بەیاننامەیە لەلایەن نوێنەری دەزگای خێرخوازی بارزانی لە کۆنفرانسی مافی مرۆڤ لە جنێف دەخوێندرێتەوە، چونکە برسی کردنی خەڵک پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤە و کیشەی دیکە بەدوای خۆیدا دەهێنێت. دەزگای خێرخوازی بارزانی لە ساڵی 2016وە ئەندامی (ECOSOC) ئەنجوومەنی کۆمەڵایەتی و ئابووری نەتەوە یەکگرتووەکانە .
وەڵام بدەوه