Kurdistan Press - پڕۆژەی ڕووناکی 1،260 مۆلیدەی لە هەرێمی کوردستان کوژاندەوە پڕۆژەی ڕووناکی 1،260 مۆلیدەی لە هەرێمی کوردستان کوژاندەوە | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

پڕۆژەی ڕووناکی 1،260 مۆلیدەی لە هەرێمی کوردستان کوژاندەوە

ئەمڕۆ، 5ی حوزەیرانی 2025، رۆژی پاراستنی ژینگەیە كە رۆژێكی جیهانییە و یەکێکە لە گرنگترین رۆژە نێودەوڵەتییەکان کە تایبەتە بە هۆشیارکردنەوە و پاراستنی ژینگە. ئامانجی سەرەکيی دیاریكردنی ئەم رۆژە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بریتییە لە:
- زیادکردنی هۆشیاريی جیهانی سەبارەت بە کێشەکانی ژینگە.
- هاندانی خەڵک بۆ چالاکی و کاری پۆزەتیڤ بۆ پاراستنی ژینگە.
- هاندانی حکوومەتەکان و کۆمپانیاکان بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی دۆستی ژینگە.
لەمبارەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوكاريی خەڵك و رێكخراوەكان و كەرتی تایبەت، چەندین هەنگاوی گرنگی لە بواری پاراستن و باشتركردنی ژینگە ناوە، لەوانە:
1. دامەزراندنی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە كە بەرپرسە لە داڕشتن و جێبەجێكردنی سیاسەتەكانی پەیوەست بە ژینگە لە هەرێمی كوردستان.
2. دەركردنی یاسای تایبەت بە پاراستنی ژینگە و رێكخستنی چالاكییە پەیوەندیدارەكان.
3. هەڵمەتەكانی هۆشیاركردنەوە بۆ گرنگيی پاراستنی ژینگە و رۆڵی حكوومەت و تاكەكان لەم پرۆسەیەدا.
4. جێبەجێكردنی پرۆژەكانی چاندنی دار و زیادكردنی رووبەری سەوزایی لە شارەكان و ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان.
5. هاندانی پرۆسەی دووبارە بەكارهێنانەوە و ریسایكڵكردن.
6. پاراستنی سەرچاوەكانی ئاو و دروستكردنی چەندین بەنداو و پۆندی دەستكرد.
7. پاراستنی ژیانی ئاژەڵانی كێوی، دیاریكردنی ناوچەی پارێزراو بۆ پاراستنی ژیانی كێوی و هەمەچەشنی بایۆلۆژی و قەدەغەكردنی ڕاو و چەند هەنگاوێكی دیكە.
بەڵام دوایین هەنگاو لەم بوارە لەپاڵ جێبەجێكردن و بەردەوامیی ئەوانی دی، (پڕۆژەی ڕووناکی) بووە كە پڕۆژەیەکی نیشتمانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و تیایدا کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەموو هەرێمی کوردستان دابین دەکات، تا کۆتایی ساڵی 2026.
یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکانی پڕۆژەی ڕووناکی بریتییە لە کوژاندنەوەی مۆلیدەی گەڕەکەکان کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی 7000 مۆلیدە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.
ئەم مۆلیدانە پێشتر هۆکارێکی سەرەکیی پیسبوونی ژینگە بوون لە کوردستاندا. داتا سەرەکییەکانی ئەم هەنگاوەی پڕۆژەی ڕووناکی بەم شێوەیەن:
1- 1،260 مۆلیدە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان تاوەکوو ئێستا کوژێنراونەتەوە، کە 1،092ی لە هەولێر و 79 لە سلێمانی و 89 لە دهۆکە.
2- ئەم ڕێژەیە یەکسانە بە ٪17ی مۆلیدەی گەڕەکەکانی سەرانسەری هەرێمی کوردستان.
3- کوژانەوەی ئەم مۆلیدانە یەکسانە بە کەمکردنەوەی 240،000 تۆن لە گازی ژەهراویی دوانەئۆکسیدەی کاربۆن لە ساڵێکدا و یەکسانە بە لابردنی تاوەکوو 250،000 ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەکەن.
کاریگەرییەکانی کوژاندنەوەی مۆلیدەکان لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2026:
1- تاوەکوو کۆتایی بەجێگەیاندنی پڕۆژەی ڕووناکی، ئەوا ژمارەی ئەو مۆلیدانەی دەکوژێنەوە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراویی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن بە قەبارەی 1.4 ملیۆن تۆن لە ساڵێکدا.
2- ژمارەی ئەو مۆلیدانەی لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی دەکوژێنەوە، یەکسان دەبێت بە 1.3 ملیۆن ئۆتۆمبێل.
3- ئەم ژمارانە دەبنە هۆی کەمکردنەوەی ڕێژەی دەردانی گازی ژەهراویی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن بە ڕێژەی ٪4 لە هەرێمی کوردستاندا.
شێوازی جێبەجێکردن:
1- پڕۆژەی ڕووناکی گرێبەستی لەگەڵ خاوەن مۆلیدەکان کردووە بۆ کوژاندنەوەی مۆلیدەکانیان و تەنیا کارکردنیان وەک جێگرەوەیەک.
2- ئێستا هاوبەشانی کارەبا ڕاستەوخۆ کارەبای 24 کاتژمێری پڕۆژەی ڕووناکییان پێدەگات.
3- لەسەرەتای پڕۆژەکەوە تاوەکوو ئێستا، خاوەن مۆلیدەکان بە بەردەوامی مانگانە شایستە داراییەکانیان وەرگرتووە.
جۆرەکانی مۆلیدە کە کوژێنراونەتەوە لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی:
1- مۆلیدەی گەڕەکەکان.
2- مۆلیدەی تایبەتی ماڵان.
3- مۆلیدەی تایبەت بە شوێنە بازرگانییەکانی وەک هۆتێل و ڕێستۆڕانتەکان.
4- مۆلیدەی شوێنە گشتییەکانی وەک پاڕک.
سوودەکانی پڕۆژەی ڕووناکی لە ڕووی تەندروستی و ژینگەییەوە:
1- پرۆژەی ڕووناکی لە ڕێگای کوژاندەنەوەی مۆلیدەی گەڕەکەکان، دەردانی گازی ژەهراوی وەک دوانە ئۆکسیدی کاربۆن و دوانە ئۆکسیدی گۆگرد ڕادەگرێت.
2- وەستاندنی تێکەڵبوونی ئاوی پیس و نەوتی بەکارهێنراو لەگەڵ خاکدا.
3- كەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو بە بڕی 1 ملیۆن مەتر چوارگۆشە کە بەکاردەهێنرا بۆ ساردکردنەوەی مۆلیدەکان.
4- دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ژاوەژاو- مۆلیدەکان دەنگییان بەڕێژەی ٪50 - ٪100 بەرزتربوو لە ئاستی ئاسایی-.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەبارەت بەو سوودە ژینگەییەكانی ئەو پڕۆژەیە بۆ (باسنیوز) رایگەیاند، بە تەوابوونی پڕۆژەی ڕووناکی، یەک لەسەر سێی ژینگەی هەولێر پاک دەبێتەوە، گوتیشی: “کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری بە ژینگە داوە، چەندین بڕیاری گرنگ بۆ پاکبوونەوەی ژینگەی هەولێر، بە فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دراوە، یەکێک لەوانە بڕیاری پڕۆژەی ڕووناکییە، ئێستا بەهۆی جێبەجێکردنی

ئەو پڕۆژەیەوە لە بەشێکی گەڕەکەکانی هەولێر، ژینگەی هەولێر بە ڕێژەیەکی بەرچاو پاکبووەتەوە، بەتەواوبوونی پڕۆژەی ڕووناکی لە تەواوی گەڕەکەکانی هەولێر و هەڵگرتنی مۆلیدەی گەڕەکەکان، یەک لەسەر سێی ژینگەی هەولێر بەتەواوی پاک دەبێتەوە.”

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه