پارێزگای هەولێر لەسەر هەواڵێكی كەناڵی سپێدەی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، هاتە دەنگ و ڕوونكردنەوەیەكیشی بۆ ڕای گشتی بڵاو كردەوە و ڕایدەگەیەنێت، سكاڵای یاسایی لەسەر ئەو كەناڵەش تۆمار دەكەن، چونكە بوختانی بۆ كردوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی 6ی 2025، پارێزگای هەولێر لەبارەی هەواڵێكەوە، وەڵامی كەناڵێكی یەكگرتوو دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت: "کەناڵی سپێدەی یەکگرتووی ئیسلامی، کە خۆی پێ بە دەستنوێژە و بە ئاڕاستەی دین و ئیمانداری کار دەکات و وەها خۆی وێنا دەکات کە جیاواز لە وانی دیکە پەخشی پڕۆگرام و بەرنامەکانی دەکات، لە سەر ئەو بنەمایە دەبێت ئەو کەناڵە دوور لە چەواشەکاری بابەت و پرسەکان وەک خۆی بگەێنێت بە بینەرانی."
دەشڵێت: "کەچی بەداخەوە! ئەو کەناڵە مونافیق و دوو ڕووە، دوور لە هەموو بنەمایەکی ئیتیکی کاری رۆژنامەوانی، ئەمڕۆ سەبارەت بە کردنەوەی هەردوو هۆڵی (نەشتەرگەری و چاودێری چڕی)ی نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری، زۆر نا بەرپرسانە و دوور لە ڕەوشت و ئادابی کاری میدیایی، ڕاستیەکانی شێواندووە و بوختانی بەخشیوەتەوە."
پارێزگای هەولێر لە ڕوونكردنەوەكەیدا، ڕایدەگەیەنێت، "ئێمە دەزانین ئەو کەناڵە مونافیقە، چاوی بەو پڕۆژە و کارانە هەڵنایەت، کە سەرەڕای زوڵم و ستەمی بەغدا دەرهەق بە هەرێمی کوردستان و بڕینی بودجە و مووچە و قووتی هاووڵاتییانی، لە هەولێری پایتەخت بۆ خزمەتی هاووڵاتییان ئەنجامدەدرێت."
ئەوەشی خستووەتە ڕوو، "تەنها لە نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری، جگە لە نۆژەنکردنەوەی ئەو دوو هۆڵەی ئەمڕۆ، کە بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر کرایەوە، لە چوارچێوەى گرنگیدان بە کەرتى تەندروستی و باشترکردنى خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بۆ هاووڵاتییان و بەرزکردنەوەى کوالێتیی نەخۆشخانە گشتییەکان، بە گووژمەی (2 ملیار و 838 ملیۆن و 800 هەزار دینار) لەسەر بودجەی پارێزگا لە پێشووتردا بەشەکانی (بووژانەوەی دڵ، ڕوو و شەویلاگ و ددان، ئیسک و شکان) نۆژەنکراوەتە، ئەوە جگە لە قیڕتاوکردنی شەقام و چاککردنی شۆستەکانی ناو نەخۆشخانەکە، لە ئێستاشدا چەند بەشێکی دیکەی نەخۆشخانەکە لە نوژەنکردنەوە دایە، هەر ئەمڕۆش پارێزگاری هەولێر بریاریدا بەشی ڕاوێژکاریی نەخۆشخانەکە بە باشترین شێوە و بە دیزایینێکی سەردەمیانە نوژەن بکرێتەوە بۆ خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییانی شاری هەولێری خوشەویست."
وەك پارێزگای هەولێر بەرامبەر بەو كەناڵە دەیڵێت: "لە وەڵامی بڕو و بوختان و چەواشەکارییەکانی ئێوەش، بۆ ڕای گشتیی ڕایدەگەێنین، کە بەشی (چاودێری چڕ و هۆلەکانی نشتەرگەری گشتیی) نەخۆشخانەکە، ئەمڕۆ دوای کردنەوەی لەلایەن پارێزگاری هەولێر، تیمە تەندروستییەکان ڕاستەوخۆ دەستبەکاربوون و کەوتنە خزمەتی هاووڵاتییان و چارەسەری نەخۆشەکان. نەک وەک بڕو و بوختانی ئێوە، کە گوایە بە هۆی سەردانی پارێزگاری هەولێر بۆ نەخۆشخانەکە سەرجەم نەشتەرگەرییەکان بۆ دوای جەژن دواخراون."
پارێزگای هەولێر ڕاشیگەیاند: "بە مافی خۆمانی دەزانین لەسەر ئەو بابەتە سبەی لە دادگە سکاڵای یاسایی خۆمان لە سەرتان تۆمار بکەین، ئەوکات ئازا بن لە بەردەم دادگە بەرگری لە چەواشەکاریەکانتان بکەن، ئەوەش بۆ ئەوەی چیتر ئێوە و کەسانی تریش جورئەت نەکەن هەواڵی چەواشەکاری و بڕو و بوختان لەسەر هیچ کەس و لایەنێک بڵاو بکەنەوە."
وەڵام بدەوه