ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی ئایاری 2025، بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.
بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، گفتوگۆکردن بوو لەسەر ڕەشنووسی بڕیـاری ئەنجـوومەنی وەزیـران سـەبارەت بە (پـڕۆژەی ڕوونـاکی) بـۆ دابینکـردن و دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاریی کارەبای بیست و چوار کاتژمێری بۆ هاوبەشانی تۆڕەکـانی کارەبـای نیشـتمانی بە شــێوەیەکی فــراوان و بە بەردەوامــی و کەمکــردنەوەی تێچــووی بەکارهێنــان و ڕێگــريكردن لە بەهەدەردان و هاوسەنگی لە دابەشـکردن و پاراسـتنی ژیـنگە و تەندروسـتیی گشـتی و جێبەجێکردنـی ئەم پـڕۆژە نیشتمانییە، لەلایەن کەرتی گشتیی و وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەبێت.
بۆ ئەم بڕگەیەی کارنامەی کۆبوونەوەکە، وێڕای وەزیری کارەبا میوانداریی هەردوو بەڕێوەبەری گشتیی دیوان و دابەشکردنی کارەبای هەرێم کرا بوو بۆ خستنەڕووی وردەکاریی پڕۆژەکە و وەڵامدانەوەی پرسیار و سەرنجەکان.
سەرۆکوەزیران لە سەرەتادا، ئاماژەی بە گرنگیی ئەم پڕۆژەیە کرد و ئاماژەی دا بەوەی کە ئەم پڕۆژەیە، بڕگەیەکی پەسەندکراوی كارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە کە لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە لە مانگی تەمووزی 2019 پەسەند کرا و لەسەر بنەمای ئەو بەرنامەیە متمانە بە کابینەکە درا.
سەرۆکوەزیران، ئەم پڕۆژەیەی بە یەکێک لە دەسکەوتە گرنگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ناوبرد کە داوا و خواستی چەندین ساڵەی هاووڵاتییانیی هەرێمی کوردستان بووە و مافێکی ڕەوا و سەرەتایی هاونیشتمانیانیش بوو کە بکرێتە ئەرکی لە پێشینەی ئەم کابینەیە بۆ ڕێکخستنەوە و ڕیفۆرمیی جدی لە كارەبادا.
سەرۆکوەزیران دووپاتیشی کردەوە کە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، پڕۆژەیەکی نیشتیمانیيە کە خاوەندارێتی بۆ وەزارەتی کارەبایە و بەهێزی کاری خۆماڵی کەرتی گشتیی جێبەجێ دەکرێت و چەندین قازانج و سوودی گشتی هەیە لە ڕووی ژینگەیی و تەندروستی و هەروەها خەرجییەکەشی بۆ زۆرینەی خەڵک کەمترە لەو پارەیەی کە هاووڵاتییان بە موەلیدە و پارەی کارەبای نیشتمانی پێکەوە، دەیدەن.
سەرۆکوەزیران داواشی لە هاووڵاتییان کرد کە بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە و بە پێی پێویستیی خۆیان کارەبا بە کاربهێنن و بەفیڕۆی نەدەن، بەو پێیەی بڕی بەکارهێنانی کارەبا، لێرە بە دواوە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هاووڵاتییان دەبێت و بە پێی بەکارهێنان پارە دەدەن، ئەمەش لە کۆتاییدا هاوکار دەبێت بۆ کەمکردنەوەی تێچووی کارەبا و بەکارهێنانەوەی داهاتی بەدەستهاتوو لە پاڵپشتی زیاتری هاوبەشانی تۆڕی کارەبای نیشتیمانی و سەرخستنی پڕۆژەکە و فراوانکردنی کە وا بڕیارە تا کۆتایی ساڵی2026، تەواوی هاوبەشانی هەرێمی کوردستان سوودمەند بن لە خزمەتگوزاریی کارەبای بەردەوامی بیست وچوار كاتژمێری.
پاشان کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا، ڕاپۆرتێکی بەرفراوان و بە داتا و زانیاریی وردی پێشکەش کرد و باسی لە وردەکارییەکانی پڕۆژەکە و قازانجەکانی بۆ هاووڵاتییان کرد، هەروەها ئاماژەی بەو چاکسازیانە کرد کە لە قۆناغی ئەزموونیی پڕۆژەکە ئەنجامدرا، بە ئاڕاستەی کەمکردنەوەی نرخی تێچووی کڕینی کارەبا لە لایەن هاووڵاتییان و پێشکەشکردنی پاڵپشتی دارایی بۆ ئاسانکاریی لە پێناوی خۆگونجاندنی هاووڵاتییان لەگەڵ پڕۆژەکەدا.
دواتر ڕەشنووسی بڕیـاری ئەنجـوومەنی وەزیـران سـەبارەت بە پڕۆژەی کارەبای بیستوچوار كاتژمێری (پـڕۆژەی ڕوونـاکی) و وردەکارییەکانی بۆ ئەنجوومەن خرایە ڕوو بەمەبەستی گفتوگۆ و بڕیاردان.
لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژە بڕیارەکەی بە کۆی دەنگ پەسەند کرد و وەزارەتی کارەبای ڕاسپارد بۆ دەرکردنی ڕێنوێنیی پێویست بۆ ئاسانکاری جێبەجێکردنی بڕیارەکە کە هەر بە گوێرەی بڕیارەکە، لیژنەیەکی باڵا لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران و بەشداریی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیرە پەیوەندیدارەکان پێکهات بۆ بەدوادچوون و هەڵسانگاندنی بەرەوپێشچوونەکانی پڕۆژەکە و سەرخستنی بە ئاڕاستەی خزمەتکردنی هاووڵاتییان و ڕەچاوکردنی بارودۆخیان بە تایبەتیش کەمدەرامەتان.
وەڵام بدەوه