بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 28ی نیسان، شاندی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هاوینەهەواری دووكان، بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆ ببنەوە.
شاندی باڵای پارتی و یەكێتی پێشتر چەندان جار لە ئاستی باڵا و تیمی تەكنیكی بۆ پیكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان كۆ بوونەتەوە، ئێستەش گەیشتوونەتە قۆناغی دابەشكردنی پۆستەكان.
سەعدی ئەحمەد پیرە رای گەیاند، ئەمڕۆ پارتی و یەكێتی لەسەر ئاستی باڵا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت كۆ دەبنەوە. بەگوتەی پیرە، مەسروور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی سەرۆكایەتیی شاندەكانی هەردوو حزب دەكەن.
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ئەوەشی گوتووە، لە كۆبوونەوەكەدا پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت تاوتوێ دەكرێت و چاوەڕوانیش دەكرێت زۆر لایەنی گرنگی پێوەست بە پێكهێنانی كابینەی دەیەم یەكلا بكرێنەوە.
سەركردەكانی ئەم دوو حزبە دووپات لەوە دەكەنەوە، لە ماوەیەكی نزیكدا كابینەی نوێی حكوومەت پێك دەهێنرێت.
بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەت، دوا كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی لە 17ی ئەم مانگە لە مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سلێمانی بەڕێوەچوو كە دوو كۆبوونەوەی لە خۆ گرت، یەكەمیان لە نێوان هەردوو شاندی تەكنیكی پارتی و یەكێتی بوو، دووەمیشیان لە نێوان شاندی باڵای هەردوو پارتەكە بوو.
وەڵام بدەوه