Kurdistan Press - لەبارەی مووچەی مانگی سێ زانیاری هات لەبارەی مووچەی مانگی سێ زانیاری هات | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

لەبارەی مووچەی مانگی سێ زانیاری هات

 
چەند ڕۆژێكە لیژنەی وردبینی لە وەزارەتی دارایی عێراق دەستی بە وردبینیكردنی لیستی مووچەی مانگی سێی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كردووە و ئەمڕۆش بەردەوامن.

  ڕۆژی سێشەممە 2025-03-18، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لیستی مووچەی مانگی سێی بە سیستمی پەیرۆڵ لەڕێگەی تیمی تەکنیکی وەزارەتەوە ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرد.
 

هەرچەندە پشووە بەڵام ئەمڕۆ شەممە دەوام لە وەزارەتی دارایی عێراق هەیە، وەزارەتەكە هەم سەرقاڵی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراقە و هەم ئەو لیژنەیەی كە كاری وردبینیكردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانە بەردەوامن لە كاركردن و سەرقاڵی وردبینیكردنی لیستی مووچەی مانگی سێن.
 
ناوەڕاستی هەفتەی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی کوردستان لە بەغدا لیستی مووچەی مانگی سێیان ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرد، لەلایەن تیمە تەکنیکییەکانی هەردوو وەزارەتیش دەست بە وردبینیکردن لە لیستەکە کرا، ئەوكات ئەندامێکی شاندی کوردستان ڕایگەیاند : لیستەکە بەپێی خواست و داواکاریی تەیف سامی و وەزارەتی دارایی عێراق ئامادە کراوە، هیچ کەموکوڕییەکی تێدا نییە، بۆیە پێناچێت وردبینی کاتێکی زۆری بووێت.
 
 سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان  ڕایگەیاند: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە چڕی کار لەسەر وردبینیکردن لە لیستی مووچەی مانگی سێی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کراوە، شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق بە هاوبەشی کارەکەیان کردووە و زۆری نەماوە وردبینییەکە  تەواوبێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا لیستەکە دەخرێتە بەردەستی وەزیری دارایی عێراق بۆ پەسەندکردن.
 
"تەرازووی پێداچوونەوە نزیکبووەتەوە لە تەواوبوون و لە یەک دوو ڕۆژی داهاتوو ڕەوانەی بەغدا دەکرێت، ئەمەش سێهەم ئەرکی سەرشانی ئێمەیە دوای ناردنی لیستی مووچە و داهاتی ناوخۆ کە جێبەجێی دەکەین و هیچ لەسەر ئێمە نەماوە و بەتەواوی پابەندی ڕێککەوتنی نێوانمان بووین".
 
ڕۆژی چوارشەممە 12-3-2025، لەمیانی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی، سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكانی ڕاسپارد بە زووترین كات لیستی مووچەی فەرمانبەرانیان ئامادە بكەن و ڕەوانەی وەزارەتی دارایی بكەن بۆ ئەوەی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بنێردرێت، بەچەند ڕۆژێكی كەم لیستی مووچەی مانگی سێ لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستانەوە ئامادە كرا و ڕادەستی بەغدا كرا.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه