له رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە 14ى ئادارى 1903 مەلا مستەفای بارزانی رێبەری بزووتنەوەی رزگاریخوازى گەلی کورد لە دایک بوو. ئەم رۆژە له مێژووى كوردستان و جیهاندا به‌گشتى و هەرێمی کوردستان به‌تایبه‌تى شوێنێكى تایبه‌تى هه‌یه و هه‌موو ساڵێك یادی ئەم رۆژە دەکرێتەوە و هەرچەندە ئەمساڵ رۆژەکە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی هەینی ئەگەرنا بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان رۆژەکە لە رۆژژمێری هەرێمی کوردستان پشووە.
مەلا مسته‌فا بارزانى نه‌مر ئه‌ندامى خێزانێک بووه كه له مێژوودا پێگه و شوێنێكى ئاینى و نیشتمانیی مه‌زنیان هه‌بووه، ئەو هەر کە چاوی بە دنیا هەڵێناوە کوردستان لە شۆڕش و خەباتدا بووە و هەر له ته‌مه‌نێكى زووه‌وه و ئه‌وكاته‌ى سه‌ركرده‌یه‌كى وه‌كو شێخ عه‌بدولسه‌لامى بارزانى سه‌ركردایه‌تى بزاڤى رزگاریخوازى كوردى كردووه مسته‌فا بارزانى له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانى خێزانەکەیدا زیندانی كراوه.
لە سەردەمی رێبەرایەتیی شێخ ئەحمەدی بارزان، له ژێر سه‌ركردایه‌تى مسته‌فا بارزانى نه‌مردا ده‌سته‌یه‌ك پێشمه‌رگه ره‌وانه‌ى باکوری کوردستان کرا و له‌وێ بارزانى نه‌مر به مه‌به‌ستى هه‌ماهه‌نگى چاوى به شێخ عه‌بدولقادرى نه‌هرى و شێخ سه‌عیدى پیران كه‌وتووه، كاتێكیش له مایسى 1919 شێخ مه‌حمودى حه‌فید له سلێمانى شۆڕشى به‌رپا كرد، مسته‌فا بارزانى سه‌ركردایه‌تى ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ى كرد كه به‌مه‌به‌ستى هاریكاریكردنى شێخ به‌ره‌و سلێمانى چوون.
ئەو له شۆڕشه‌كانى ساڵانى 1932دا رۆڵێكى دیارى هه‌بووه و دواتر سه‌ركردایه‌تى شۆڕشه‌كانى ساڵانى 1943 و 1945ى كردووه، دواتریش له كۆمارى کوردستان بە سەرۆکایەتی پێشەواز قازی محەمەد لە مەهاباد، رۆڵێكى جوامێرانه‌ى هه‌بوو و بۆ خۆی بە پێشمەرگەکانی یارمەتیی کۆماریان دا و لە کۆماری کوردستان پلەی جەنەراڵی هەبوو.
مەلا مستەفای بارزانى دوای شۆڕشی تەمووزی 1958 گەڕایەوە عێراق و پێشوازییەکی گەورەی لێ کرا و دەسەڵاتدارانی نوێی کۆمار بەڵێنی چەسپاندنی مافەکانی کوردیان دا و بەشێکی لە دەستووریشدا رەنگی دایەوە بەڵام جێبەجێ نەکرا و هەر ئەوەش هۆکار بوو لەوەی له 11ى ئه‌یلوولى 1961 مەلا مستەفای بارزانی مه‌زنترین شۆڕشى كوردستانى عێراق له‌سه‌ده‌ى بیسته‌مدا به‌رپا بکات کە بە شۆڕشی ئەیلوول ناسرا و هەر زوو توانى رژیمى به‌عس ناچار بكات دان به مافه ره‌واكانى گه‌لى كوردستاندا بنێت و به‌وه‌ش بزافى رزگاریخوازى كوردستانى برده قۆناغێكى نوێوه و رێککەوتنی 11ی ئاداری 1970 یەکێک لەو دەستکەوتانە بوو.
وەڵام بدەوه