کەشناسێک ئاشكرای دەكات، لە سبەینێوە بارستە هەوای جەمسەری باكوور لە هەرێمی كوردستان دوور دەكەوێتەوە، بەڵام جارێ ساردییەكەی هەر دەمێنێت، دەشڵێت: "بۆ سەرەتای مانگی سێ، ئەگەری شەپۆلێكی دڵخۆشکەری باران و بەفر هەیە."
سالار حاجی عەلی، شارەزا لە بواری کەشناسی ڕاگەیاند: "لە سبەی سێشەممە 25ی شوباتەوە، بارستە هەوا ساردەکەی جەمسەری باکوور، كە چەند رۆژێكە ماوەتەوە، لە هەرێمی کوردستان دوور دەکەوێتەوە."
ئاماژەی بەوەش دا: "تاوەكوو کۆتایی مانگ كاریگەریی بارستە هەواكە دەمێنێتەوە و نزیک کۆتایی هەفتەی داهاتوو کەشوهەوا ئارام دەبێتەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ چەند پلەیەك گەرمی بەرز دەبێتەوە."
ئەو كەشناسە ئاشكراشی كرد: "بۆ پێشبینیی داهاتوو، لە 10 ڕۆژی یەکەمی مانگی سێ، بەدیاریكراوی لەدوای 5ی 3، ئەگەری زۆر هەیە بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری باکوور بەسەر ئاسیا و ئەوروپا بۆ سەر حەوزی دەریای سپیی ناوەڕاست دابەزێتە خوارێ."
دەشڵێت: "بەهۆی ئەو شەپۆلەوە، ئەگەری دڵخۆشکەر هەیە بۆ هاتنی شەپۆلێکی بەفر و بارانی زۆر چڕ بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، كە سەرچاوەكەی دەریای سپیی ناوەڕاست و دەریای سوور دەبێت، بەڵام جارێ شەپۆلەكە بە تەواوی جێگیر نەبووە."
وەڵام بدەوه