ڕۆژنامەنووسێك لە كەلار رایدەگەیەنێت كە تاقمێك لە بەكریگیراوانی حزب و گرووپ و میلیشیا تیرۆریستەكان، لەژێر ناوی مانگرتنەوە، هەوڵی دروستكردنی كێشە بۆ ڕێككەوتنەكەی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی مووچە دەدرێت.
كاروان كەلاری، ڕۆژنامەنووس لە گەرمیان، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: "ئێستا بەهۆی تێكشكاندنی بەرەی مقاوەمە و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەوە، مەوقیفی بەغدا لاوازە و ناتوانێت گوشار لە هەرێمی كوردستان بكات و ملی داوە بۆ ڕێككەوتن."
ڕوونیشی كردۆتەوە: "دەیانەوێ لەژێر ناوی مانگرتن و ناڕەزایی و ئەم قسەڵۆكانەوە، پشێوی دروست بكەن و هەڵوێستی هەولێر لاواز بكەن و بەم جۆرەش كێشە بۆ ئەو ڕێككەوتنە دروست بكەن كە لەنێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی مووچە كراوە."
هەروەك هۆشداریی داوە و نووسیویەتی: "ئەوەی ئەوان دەیكەن، خەونە، دەمرین بەڵام ناهێڵین بەدی بێت. هێزی هەڵوێستی هەولێر بەرامبەر بە بەغدا و هەر دوژمنێكی تری ئەم میللەتە، سەدان هەزار دڵسۆزی لەپشتەوەیە، بەدەست لەپشتدانی چەند سەد جاش و ئەولادە جاشێك لاواز ناكرێت."
پێشتریش مەریوان قەرەنی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی رایگەیاندبوو كە "ئەم خێوەتەی لە سلێمانی هەڵدراوە، هێندەی گوزارشت لە پرسە و شینگێڕانی بەرەیەكی شكستخواردوو دەكات كە ئەو بەرەیە هەم لە عێراق و هەم لە وڵاتانی دەوروبەر ڕۆژیان ئاوا بووە (بۆ ئەمەش كیلابی و ئەوانەی بەدوای كەوتبوون باش دەزانن پرسەی كێیە) نیو هێندە گوزارشت لە مانگرتنی ئەو چەند مامۆستا و فەرمانبەرانە ناكات كە لە سلێمانی بە (كاندیدی كەڕك) ناویان دەركردووە و هەموو خەڵك دەیانناسێ كە كەسانێكن پێشتر دەست و شانی ئەم و ئەویان ماچ كردووە و خۆیان كاندید كردووە كەچی كەمتر لە پەنجا دەنگیان هێناوە!"
لە كۆتاییشدا جەختی كردبووەوە: "ئەگەر یوسف كیلابی و ئەوانەشی خۆیان بە پشتیوانی مووچەخۆرانی كوردستان نیشان دەدەن، راستگۆن و بە كردەیی دڵسۆزی مووچەخۆرانی كوردستانن، با لەژێرەوە داوا لە بەغدا نەكەن مووچەی كوردستان ببڕێ و بڕ و بیانوو بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نەدۆزنەوە تا ببێتە هۆی نانەوەی كێشە بۆ مووچەخۆران! ئەگەر فیعلەن دەیانەوێ كێشەی مووچە چارەسەر بێت، با پشتیوانیی جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنە بن كە لەم دواییە لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵیی عێراقدا كراوە، نەك خەریكی نمایش و موزایەدەكردن بن لەسەر خەڵك!"
وەڵام بدەوه