دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکاریی ماددی و کەلوپەلی ناوماڵی بەسەر کۆمەڵێک خێزانی کەرکووکدا دابەش کرد. بەرپرسی لقی کەرکووکی دەزگاکەش ئاماژەی بەوە دا، بۆ مانگی ڕەمەزان پلانی تایبەتیان ئامادە کردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 29-01-2025، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە چوارچێوەی کار و چالاکییەکانیدا، هاوکاریی ماددی و کەلوپەلی ناوماڵی بەسەر کۆمەڵێک خێزانی کەمدەرامەتی شاری کەرکووکدا دابەش کرد.
ڕێبوار محییەددین، بەرپرسی لقی کەرکووکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕایگەیاند، بێجگە لەو هاوکارییانەی ئەمڕۆ دابەشی کردن، پلانیان هەیە بۆ مانگی ڕەمەزان چەندان جۆر هاوکاریی دیکەش بەسەر خێزانە کەمدەرامەتەکاندا دابەش بکەن.
ڕێبوار محییەددین ئەوەشی خستە ڕوو، بۆ مانگی ڕەمەزان پلانی دروستکردنی ژمارەیەک خانوو و پێشکەشکردنی کەلوپەلی ناوماڵ و چەندان پێدوایستیی دیکەیان بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان داناوە و ئێستە سەرقاڵی نووسینی ناوی ئەو خێزانانەن.
بەرپرسی لقی کەرکووکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، لە مانگی ڕەمەزان، ئێوارەخوانیش پێشکەشی هەموو ئەو خێزانانە دەکەن کە بەڕۆژوو دەبن و بارودۆخی داراییان باش نییە. گوتیشی: "ڕەمەزان مانگێکی پیرۆزە و دەمانەوێت لەو مانگەدا زۆرترین هاووڵاتیی شاری کەرکووک لە هاوکارییەکانمان سوودمەند بن."
وەڵام بدەوه