وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستانی، كۆی گشتیی ئەو بڕە پارەیەی ئاشكرا كرد كە عێراق بۆ مووچەی فەرمانبەران ناردوویەتی.
ئەمڕۆ چوارشەم 15ـی كانوونی دووەم، لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووریدا هاتووە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ وەك خۆی بانگەشەی بۆ دەكات، دادپەروەر نەبووە و پابەند نەبووە بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی لەبارەی خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەبێ بەربەست.
دەشڵێت، بەپێی پشكنینی حیسابی وەزارەتمان لە بانكی ناوەندیی عێراق لقی هەرێم/ هەولێر، وەزارەتی دارایی عێراق بڕی تەنیا (10,026,883,844,549) دیناری وەك شایستەی مووچوخۆرانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2024 ناردووە.
باس لەوەش كراوە، ئەمەش دوای ئەوەی بڕی (726,995,775,414) دیناری وەك لێبڕینی خانەنشینی و باجی داهات لە كۆی تەرخانكراوی هەرێم بڕیوە، لە كاتێكدا ئەو بڕە پارەیەی بۆ هەرێم تەرخان كراوە، بەپێی خشتەی (هـ) لە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024، بریتییە لە (11,576,521,335,000) دینار.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، بەمەش دەردەكەوێت هەرێمی كوردستان بڕی (822,642,015,037) دیناری لە تەرخانكراوی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بۆ ساڵی 2024 لای حكوومەتی فیدراڵی ماوە.
وەڵام بدەوه