سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، دوای کۆبوونەوە نائاساییەکەی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر پرسی مووچە و بودجە، دەڵێت، " پشتگیری لە سەرۆکی حکومەت دەکەین".
ڕۆژی 11-1-2025، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەسەر پرسی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و مافە دەستوورییەکان و پێشێلکارییەکانی حکومەتی عێراق بەڕێوەچوو، جەخت لە یەک هەڵوێستی کورد و قبوڵنەکردنی زوڵمی بەغدا بەرامبەر خەڵکی کوردستان کرایەوە.
محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند:
-ئەو بڕیارانەی لە کۆبوونەوە نائاساییەکەی ئەنجوومەنی وەزیران دەرکرا، سێیان لەبارەی مووچە و بودجەیە، یەکێکیان باسی کشانەوە دەکات، من لەگەڵ کشانەوەم لە بەغدا، چونکە دڵنیام بەغدا کار بۆ کورد ناکات، ڕەنگە فشاریان لەسەربێت و هەندێک کار بکەن، بەڵام دیسان دەچنەوە سەر ئەقڵە کۆنەکەی پێشتر.
- دەبوو سێ لایەنەکەی دیکە (نەوەی نوێ، یەکگرتووە، کۆمەڵ) بەشداری کۆبوونەوەکەیان بکردایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەشداریکردنی پارتی و یەکێتی ڕەنگە پێکەوەبوونیان بەس بێت بۆ ئەوەی بەسەر گرفت و ئاستەنگەکان سەریان بخات.
- دوای ئەو گۆڕانکاریانەی لە سووریا ڕوویاندا، ئێستا پێموایە کورد لە سووریا و تورکیا و عێراق بەهێزە، بەپێچەوانەوە بەرامبەرەکانی لاوازن، بەنموونە حکومەتی عێراق وەکو دوو هەفتە پێش ئێستا بەهێز نییە و لاوازە
- چەندین ساڵە مافی خەڵکی کوردستان و نەوەتەوەییمان لە بودجە و مووچەدا کۆکردووەتەوە، دادگا لە جیاتی پەرلەمان و حکومەت بڕیار دەدات، دەبێت ئەمە ڕابگیرێت و پێیان بڵێن، ئەم بڕیارانە ئیشی پەرلەمانە نەک دادگا
- وەکو حیزبی سۆسیالیست پشتگیریی لە هەڵوێستی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین
وەڵام بدەوه