لیژنەی باڵای ئەمنیی سلێمانی پێشانگەکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلیان ئاگادارکردووەتەوە و پێیانگوتوون، بەهیچ شێوەیەک نابێت ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و مەلیکە بهێننە نێو پیشانگەکەتان، هەر کەسێکیش پابەندنەبێت ئۆتۆمبێلەکەی دەستی بەسەردا دەگیرێت.
لەڕۆژی 2-12-2024 لیژنەی باڵای ئەمنیی سلێمانی ڕایگەیاند، ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان دەستیان بەسەردا دەگیرێت و هەموو بازگەکانیشی دەستکراوەکرد کە رێگە نەدەن ئەم ئۆتۆمبێلانە بێنە ناو شاری سلێمانی، داواشییان لە خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلانەکرد تاوەکو سەری ساڵ ئۆتۆمبێلەکانیان بەرنە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ئێستاش بڕیاری دەست بەسەرگرتنییان چڕتر کراوەتەوە و لە هەرشوێنێک ببینرێن دەستییان بەسەردادەگیرێت.
ڕۆژی یەکشەممە لیژنەی باڵای ئەمنی سەردانی پێشانگەکانی سنووری سلێمانی بەتایبەتی "پێشانگەی علوجەکان"یان کردووە، هۆشداری ئەوەیان پێدوان کە نابێت بەهیچ شێوەیەک ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا بهێننە نێو پێشانگەکەیان ئەگینا دەستی بەسەردا دەگرن.
سەرچاوەیەک لە لیژنەی باڵای سلێمانی ڕایگەیاند، "ڕۆژانە لە نێو شار بازگەی کاتی دادەنرێت بەمەبەستی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان و بەردەوامیش دەبێت، ڕۆژانە دەیان ئۆتۆمبێل دەستی بەسەردادەگیرێت، چاودێری بەردەوامی دۆخەکە دەکەین."
زیاتر لە 35 هەزار و 500 ئۆتۆمبێلی مەلیکە و هەزاران ئۆتۆمبێلی دیکەی بێ سەرەتا لە هەرێمی کوردستان هەن کە بەشی هەرە زۆریان لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە هەن.
وەڵام بدەوه