لە پێناو زیاتر خزمەتكردنی هاووڵاتییان، بە بڕیاری مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەردوو نەخۆشخانەی ڕزگاری و فریاكەوتنی ڕۆژهەڵات لە هەولێر نۆژەن دەكرێنەوە، نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانیش ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی پرۆسەی نۆژەنكردنەوەی نەخۆشخانەكان دەكات و ئێستەش قۆناغی یەكەمی پرۆسەكە تەواو بووە.
ئەمڕۆ دووشەم شەشی كانوونی دووەم، دلۆڤان جەلال بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی هەولێر ،رایگەیاند، نۆژەنكردنەوەی نەخۆشخانەی رزگاری و فریاكەوتنی رۆژهەڵاتی شاری هەولێر بەردەوامە.
زیاتر گوتی، دەوام لەو دوو نەخۆشخانەیە رانەوەستاوە، بەڵكو پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بەردەوامی هەیە بۆ هاووڵاتییان، نۆژەنكردنەوە بەش بەش دەكرێت.
نۆژەنكردنەوەی هەردوو نەخۆشخانەكە بە سێ قۆناغ دەبێت، لە قۆناغی یەكەمدا سیستمی ساردی و گەرمیی نەخۆشانەكان چاك كراونەتەوە و 400 سپلیتیش لێ كراونەتەوە، هەروەها هەریەك لە سیستمی هەڵمی، سیستمی هەواگۆڕكێی پێشكەوتوو و سیستمی دابینكردنی ئاوی گەرم بۆ نەخۆشخانەكان دانراون.
لە قۆناغی دووەمدا كە ئێستە كاری تێدا دەكرێت، سیستمی ریسایكلینی ئاوی نەخۆشخانە دادەنرێت و ئاوەڕۆی نەخۆشخانەكان بە تەواوی نۆژەن دەكرێنەوە، ڕووكاری دەرەوەی هەردوو نەخۆشخانەكەش نوێ دەكرێنەوە.
لە قۆناغی سێیەمیش كە لە دوای تەواوبوونی قۆناغی دووەم دەست پێ دەكات، پێكدێت لە دروستكردنی گەورەترین كارگەی ئۆكسجین لە نەخۆشخانەی ڕزگاری، كردنەوەی بەشی نازوور و دانانی 12 ئامێری پێشكەوتووی نازوور و دانانی ئامێر و كەلوپەلی پێویست بۆ بەشەكانی تاقیگە، نەشتەرگەری و تیشك.
هەروەها هەر لە قۆناغی سێیەمدا 12 بەرزكەرەوە (ئەسانسۆر)ـی نوێ و سیستمێكی پێشكەوتووی ئاگركوژێنەوە بۆ نەخۆشخانەی ڕزگاری دادەنرێن، ناوەوەی نەخۆشخانەكان بە تەواوەتی نۆژەن دەكرێنەوە بە سەرجەم بەش و هۆڵە جیاوازەكانەوە.
پرۆسەی نۆژەنكردنەوەی نەخۆشخانەی ڕزگاری لە كاتێكدایە، ساڵانە زیاتر لە 13 هەزار نەشتەرگەری لەو نەخۆشخانەیە ئەنجام دەدرێت و پێشوازی لە سەتان هەزار نەخۆش دەكات، دەیان جۆر پشكنین و چارەسەری تەندروستی لەو نەخۆشخانەیە پێشكەش بە هاووڵاتییان دەكرێت.
وەڵام بدەوه