ساڵی رابردوو لە پێنجی كانوونی دووەم، بەغدا دەستی كرد بە ناردنی بڕی 50 هەزار لیتر نەوتی سپی، لەڕێگەی قایمقامییەتەكانەوە دابەشی سەر ناوچە شاخاوییەكان كرا، بەڵام بۆ ئەمساڵ تا ئێستە هیچ بڕە نەوتێك نەهاتووەتە ناردن، بەهۆی دابەشكردنی نەوت لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نرخەكەی بەرز نەبووەتەوە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە دواین راگەیەنراویدا دەڵێت، بۆ زستانی ئەمساڵ و لە ماوەیەكی كەمدا بە نرخێكی پاڵپشتیكراو، توانیویانە زیاتر لە 243 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر زیاتر لە ملیۆنێك و 215 هەزار خێزان دابەش بكەن كە دەكاتە ڕێژەی 86% كۆی نەوتی دابەشكراو.
ئاماژە بۆ ئەوەیش كراوە كە تەنیا 127 هەزار و 808 خێزان ماون نەوتیان پێ بدرێت، ئەم دابەشكردنە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی گرتووەتەوە، بە ئاستێك دابەشكردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەكان تەواو بووە.
رۆژی پێنجی كانوونی دووەمی ساڵی رابردوو، عێراق دەستی كرد بە هەناردەكردنی نەوت بۆ كوردستان، بەڵام ئەمساڵ هیچ بڕە نەوتێكی نەناردووە، ساڵی رابردوو تەنیا 50 ملیۆن لیتری نارد.
شوان مەحموود كە گرووپی گواستنەوەی سووتەمەنییان هەیە، رایگەیاند، ئێمە لە دابەشكردنی سووتەمەنی ساڵی رابردوو و ئەمساڵیش كاری خۆمان كردووە، ئەوەیش بەپێی ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ سووتەمەنیی شارەكان دەكرێت بۆ گواستنەوە.
زیاتر گوتی، ئەمساڵ چاوەڕوانی هاتنی سووتەمەنییەكەی عێراقین و تا ئێستە هیچ بڕێكی نەهاتووە، بۆیە بە گەیشتنی، ئەوا دەست بە گواستنەوەی بۆ ناوچە شاخاوییەكان دەكرێت.
ئێستە لە بازاڕەكانی كوردستان نرخی بەرمیلێك نەوت لە بازاڕی ئازاد بە 160 هەزار دینارە، ئەو نەوتەشی حكوومەت دابەشی كردووە بە 105 هەزار دینار بووە.
هەرچەندە بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق كوردە و لە پشكی یەكێتییە، بەڵام تا ئێستە هیچ هەڵوێستێكی لەسەر ئەو ستەمەی بەغدا نەبووە كە بۆچی نەوتی كوردستان نانێرێت.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی كوردستان دەڵێت، تا ئێستە پشكی هەرێمی كوردستان لە نەوتی پاڵپشتیكراوی وەزارەتی نەوتی عێراق نەگەیشتووە، وێڕای ئەوەی بڕیارە بڕە نەوتێك كە زۆر كەمترە لە پشكی هەرێمی كوردستان و تەنیا بەشی 19% پێویستیی خێزانەكانی هەرێمی كوردستانە، چاوەڕوان دەكرێت بە چەند كاروانێك بڕە نەوتێكی سپی بگاتە هەرێمی كوردستان و لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی نەوت و كانزاكان، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان لە هەرێمی كوردستان، دەست بە دابەشكردنی بكرێت.
وەڵام بدەوه