دوای ئەوەی لە چەند لاپەڕەیەكی پلاتفۆرمەكانی سۆشیال میدیا هەواڵی ئەوە بڵاو كرایەوە كە گەشتێكی فڕۆكەوانی "فلای ئەربیل" كە لە هەولێرەوە بەرەو لەندەن هەڵفڕی بوو، تووشی كێشە بووە و لە كرواتیا نیشتووەتەوە، كۆمپانیا فڕۆكەوانییەكە لە روونكردنەوەیەكدا هۆكاری دواخرانی گەشتەكەی ئاشكرا كرد و رای گەیاند هۆكارەكە تەنیا ناجێگریی كەشوهەوای وڵاتی كڕواتیا بووە و فڕۆكەكە ناچاری نیشتنەوە بووە.
ئەمڕۆ شەموو 21ی كانوونی یەكەمی 2024، لە روونكردنەوەیەكی كۆمپانیای فڕۆكەوانی "فلای ئەربیل"دا هاتووە، گەشتی هەولێر - لەندەن لە دوێنێدا، بەهۆكاری ناجێگیری کەشوهەوای وڵاتی کرواتیا "رێجیکا" بە ناچاری لە شاری زاگرێب نیشتەوە و بووە هۆکاری دواکەوتنی ئەم گەشتە.
كۆمپانیا فڕۆكەوانیەكە ئاشكرای كردووە كە ئەمڕۆ خۆشبەختانە ئەم گەشتە بەڕێوە چوو و گەشتییاران بە سەلامەتی گەیشتنە شاری لەندەن.
لە درێژەی روونكردنەوەی كۆمپانیا فڕۆكەوانییە كوردییەكەدا هاتووە كە بۆ ڕای گشتیی روون دەكەینەوە، فڕۆکەی فلای ئەربیل هیچ کێشەیەکی تەکنیکی نەبووە و تەنیا بۆ سەلامەتیی گەشتیاران ڕێڕەوی خۆی لە شاری رێجیکا گۆڕی بۆ شاری زاگرێب.
ئەوەیش هاتووە كە دەستخۆشی و سوپاسی گەشتیارانمان دەکەین بۆ تێگەیشتنیان لەم بارودۆخە نەخوازراوەکە هاتە پێش گەشتەکانی فلای ئەربیل.


وەڵام بدەوه